وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل، ڕێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە کە تێیدا مەرج، نرخ و سزاکانی پەیوەست بەو بوارە بەوردی دیاریکراون.
بەپێی ڕێنماییە نوێکە، لەمەودوا مۆڵەتی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل بە ڕێژەی تا 80% دەدرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ کە پێشتر بەو شێوەیە نەبوو. هاوکات دەرگای داواکاری بۆ گشت هاووڵاتییان کراوەتەوە، بەشێوەیەک سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت، تەکسی، بارهەڵگر و تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن دەتوانن سوودمەند بن، بەو مەرجەی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی خاوەنەکەیەوە تۆمارکرابێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.
تێچووی کارگێڕی و باجی ساڵانە:
وەزارەتی ناوخۆ نرخەکانی بەپێی ڕێژەی تاریککردنی جامەکان بەمشێوەیە دیاریکردووە:
ڕێژەی 21% تا 50%: (بە لەزگە یان لە ڕێگەی کۆمپانیاوە) ساڵانە 100 هەزار تا 150 هەزار دینار.
ڕێژەی 51% تا 80%: (بە لەزگە یان لە ڕێگەی کۆمپانیاوە) ساڵانە 300 هەزار تا 500 هەزار دینار.
ڕێژەی زیاتر لە 80%: ساڵانە یەک ملیۆن دینار.
خەرجی سەرەتایی: بڕی 25 هەزار دینار لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری و 20 هەزار دیناریش بۆ باجی ڕێگەپێدانی جام تاریکی وەردەگیرێت.
تایبەت بە ئۆتۆمبێلی تەکسی و کەرتە بەدەرکراوەکان:
بۆ ئۆتۆمبێلەکانی تەکسی، ڕێنماییەکە ڕێگەی داوە تەنیا چوار جامی لاوەکی تا ڕێژەی 50% تاریک بکرێن، لە کاتێکدا جامی پێشەوە و پشتەوە بەتەواوی قەدەغەکراوە. لە بەرامبەردا، ئۆتۆمبێلەکانی پرۆتۆکۆلی حکومەت، سەرۆکایەتیی هەرێم، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم کرێیە کارگێڕییانە بەدەرکراون.
سزای سەرپێچیکاران:
لە کۆتایی ڕێنماییەکەدا هاتووە کە مەفرەزەکانی پۆلیس، هاتووچۆ و ئاسایش سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن. هەر ئۆتۆمبێلێک بەبێ مۆڵەت جامی تاریک کرابێت، دەستبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی بە بڕی 500 هەزار دینار سزادەدرێت، هەروەها ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ ڕادەگیرێت.
بۆ بینینی دەقی تەواوی ڕێنماییەکان و وردەکاری زیاتر، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم لینکەوە سەردانی بکەن:
https://drive.google.com/file/d/1fk1Tax8twRbBgEckmvVar8ouS1mtLj07/view?usp=drivesdk