تەواوی وردەکارییەکانی "ماڵی تۆقێنەر".. دەیان تۆمەتی سووکایەتیکردن و توندوتیژی ڕووبەڕووی سارە نەتەنیاهۆ دەبنەوە
  2026-08-09       75       

دەیان تۆمەتی پەیوەندیدار بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ فەرمانبەراندا ڕووبەڕووی سارا نەتەنیاهۆ، هاوسەری سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل دەبنەوە، کە هاوسەرەکەی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکراوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"، فەرمانبەرانی پێشوو شایەتحاڵیی شۆککەریان لەسەر ڕووداوەکان دراوە، کە بریتیین لە سووکایەتیکردن، هاوارکردن، جوێنپێدان، لێدان و حەتا داواکردنی خۆخشکاندن لەسەر زەوی لە پیاوێکی تەمەن شەست و یەک ساڵان.

ئاوێنە: ڕۆژنامە ئیسڕائیلییەکە، ڕۆژی هەینی، پەردەی لەسەر زنجیرەیەک شایەتحاڵیی و داوای یاسایی لادا کە لە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن فەرمانبەرانی پێشووی شوێنی نیشتەجێبوونی بنیامین نەتەنیاهۆوە کەڵەکە بوون. دۆسیەکان تۆمەتی مەترسیدار لەبارەی ڕەفتاری هاوسەرەکەی، مامەڵەی خراپ و سەپاندنی مەرجی کارکردنی بێوێنە لەخۆدەگرن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لەم دۆسیانە بە بڕیاری دادگا و قەرەبووکردنەوە کۆتاییان هاتوو، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان بە سازانی نهێنی بڕاونەتەوە یان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە ڕەتکراونەتەوە. هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە سارا نەتەنیاهۆ و پارێزەرەکانی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا تەواوی تۆمەتەکانیان ڕەتکردووەتەوە و وەک بەشێک لە "کەمپەینێکی ڕاگەیاندن" و هەوڵێک بۆ "سەندنی پارە لە دەوڵەت" پێناسەیان کردووە.

خۆخشکاندن لەسەر زەوی

بەپێی ڕۆژنامەکە، نوێترین دۆسیە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە بەناوی "یەحیئێل ئۆهاڤ عەمی" بەرزکراوەتەوە، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیران کاری کردووە. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە "تووشی ئیهانەکردن، هاوارکردن و جوێنپێدان بووەتەوە، و لە جارێکیشیاندا داوای لێکراوە لەسەر سک و بە زحف زەویی چێشتخانەکە پاک بکاتەوە."

ئەم فەرمانبەرە کە تەمەنی ٦١ ساڵە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە سارا نەتەنیاهۆ هیوای تووشبوونی بە شێرپەنجە و مردنی بۆ خواستووە، و دوای ئەوەی ئیدیعای کردووە کە ناوبراو تووشی "ئۆتیزم" بووە، پێی وتووە: "من پزیشکی دەروونیی ژمارە یەکم لە وڵاتدا و هیچ ڕکابەرێکم نییە."

نوسینگەی سەرۆک وەزیران تەواوی ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەمە "هەوڵێکی دیکەیە لە چوارچێوەی پیشەسازیی سەندنی پارە لە دەوڵەت لە ڕێگەی زڕاندنی ناوی هاوسەری سەرۆک وەزیرانەوە"، لە بەرامبەردا سارا نەتەنیاهۆ داوایەکی یاسایی دژی ئەم فەرمانبەرە تۆمار کرد و تۆمەتباری کرد بە وێنەگرتنی ناوی ماڵی سەرۆک وەزیران بە شێوەیەکی نایاسایی و بەزاندنی تایبەتمەندییەکانی.

لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە ساڵی ٢٠١٦، کارمەندی چاککردنەوە "گای ئێلیاهۆ" قەرەبووی دارایی وەرگرت دوای ئەوەی دادگا بەشێکی زۆری ئیدیعاکانی پەسەند کرد سەبارەت بە کارکردنی لە ژینگەیەکدا کە سیخناخ بووە لە ترس، هاوارکردن، لۆمەکردن و سووکایەتی.

ئێلیاهۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەندێک حاڵەتدا ناچار کراوە دوای نیوەشەو لە ماڵەکەی خۆیەوە بگەڕێتەوە تەنها بۆ گەرمکردنەوەی قاپێک شۆربا بۆ سارا نەتەنیاهۆ، و لە بۆنەیەکی دیکەشدا گەڕێنراوەتەوە تا تەنها پێی بڵێت "شەو شاد". هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە هەندێک جار ڕۆژانە تا ١٩ کاتژمێر کاری کردووە.

جگە لەمەش، ڕۆژنامەکە شایەتحاڵیی چێشتلێنەرێک بەناوی "ئێتی حاییم"ی بڵاوکردووەتەوە، کە ڕایگەیاندووە سارا نەتەنیاهۆ کێشاویەتی بە دەستیدا دوای ئەوەی پیش شۆردنی دەستەکانی دەرگای کانتۆرێکی کردووەتەوە، و لێدانەکەی بە "بۆکسێک بۆ سەر دەست" وەسف کردووە.

حاییم ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سارا نەتەنیاهۆ هاواری بەسەر فەرمانبەراندا کردووە و سفڕەی سەر مێزەکانی ڕاکێشاوە و داوای کردووە لە ماوەی چەند خولەکێکدا ڕێکبخرێنەوە، بەڵام سارا نەتەنیاهۆ ئەم ڕووداوانەشی ڕەتکردووەتەوە.

"وەک کەنیزە و کۆیلە"

لە شوباتی ٢٠١٦دا، دادگای کاری ناوچەیی لە قودس بڕیاریدا بە بەخشینی قەرەبوو بە بڕی ١٧٠ هەزار شێکڵ (نزیکەی ٥٦.٦٧ هەزار دۆلار) بە "مینی نەفتالی" بەرپرسی شوێنی نیشتەجێبوونی نەتەنیاهۆ، و گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕەوشی کارکردن لە ناو بنکەکەدا بێزارکەر بووە بەهۆی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی سارا نەتەنیاهۆ لەگەڵ فەرمانبەراندا. بەڵام بڕیارەکە دژی دەوڵەت و ئەو لایەنانە دەربوو کە لایەنی داواکە بوون، نه دژی سارا نەتەنیاهۆ بە شێوەیەکی شەخسی.

لە نێو داواکاندا، دۆسیەی "شیرا ڕەبان"یش هەبوو کە کارگوزارێکی ئایینی تەمەن ٢٤ ساڵ بوو. ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە تووشی هاوارکردن و سووکایەتی بووەتەوە و هەستی کردووە کە "کەنیزە"یە.

ڕەبان لە شایەتحاڵییەکەیدا ڕوونی کردبووەوە کە سارا نەتەنیاهۆ بەرەو ڕووی فەرمانبەرە ژنەکان ڕایکردووە و "دەستەکانی وەشاندووە و هاواری کردووە و قژی خۆی ڕاکێشاوە"، ئەمەش ترسی لای ئەوان دروستکردووە لەوەی دەستدرێژییان بکرێتەسەر. بەڵام دادگای کار لە شوباتی ٢٠٢٢ داواکەی ڕەبانی ڕەتکردەوە و بڕیاریدا کە نەیتوانیوە سەلمێنەری ئەوە بێت تووشی مامەڵەی خراپ بووەتەوە و گێڕانەوەکەشی بڕواپێکراو نەبووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×