وەزارەتی جهنگی ئەمریکا (پنتاگۆن) داوا لە کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمریکی دهكات کە بەرهەمهێنان و گەیاندنی چەک خێراتر بکەن، ئهوهش لهكاتێكدایه كه وڵاتهكه لهگهڵ ئێران له شهڕدایه و روبهڕوی كهمبونهوهی موشهك بوه.
ئاوێنە: رۆژنامەی واشنتن پۆست یاداشتێکی پنتاگۆنی بڵاوكردوهتهوه و نوسیویهتی، "پنتاگۆن داوای لە کۆمپانیاکانی جهنگی ئەمریکا کردوە کە بەرهەمهێنان و گەیاندنی چەک لە نێویاندا تەقەمەنی خێراتر بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "جێگری وەزیری بەرگری له پهیامێكدا بۆ کۆمپانیاکان پشتڕاستیکردوەتەوە کە 21 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی پلان بۆ خێراکردنی بەروارەکانی گەیاندنی چەک".
لەم دواییانەدا راپۆرتە هەواڵگری و سەربازییەکان ئاشکرایان کردوە کە واشنتن بەشێکی زۆر گەورە (بە 80% بۆ هەندێک سیستەمی ڕێگری و 50% بۆ موشەکی وردی مەودای دور مەزەندە دەکرێت) لە کۆگا سەربازییەکانی لە ماوەی ململانێی ئێستای لەگەڵ ئێران بەکارهێناوە، ئەوەش فشار لەسەر ئیدارەی ئەمریکا دروستدهكات بۆ خێراکردنی چارەسەری دیپلۆماسی.
بهگوێرهی سێ سهرچاوهی ئاگاداری ئهمریكی، موشەکەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چەکی سەرزەوی بۆ سەرزەوین کە بە سیستەمی موشەکی تاکتیکی سوپای (ATACMS) و موشەکی لێدانی ورد (PrSM) ناسراون، بەپێی دوان لە سەرچاوەکان، ئەمریکا "بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەمو" ئەو چەکانەی بەکارهێناوە.
ئاستی کەمبونەوەی موشەکەکانی ATACMS و Precision Strike Missiles لەلایەن سوپاوە پێشتر بڵاونەکرابوەوە. ئەو تەقەمەنییە مەودا درێژانە بەشێکی گرنگی جبەخانەی سەربازین و رێگە بە لێدانی ورد دەدەن لە مەودایەکی سەلامەتەوە.
ئەو موشەکە ATACMSـانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراون، رۆڵێکی سەرەکییان هەبوە لە جەنگی ئۆکرانیادا و رێگەیان بە هێزەکانی ئۆکرانیا داوە کە هێرش بکەنە سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی ڕوسیا. موشەکی PrSM نەوەیەکی نوێتر و پێشکەوتوتری هێزەکانە کە شوێنی موشەکەکانی ATACMS دەگرێتەوە، کە مەودایەکی کورترانەیان هەبوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن، ئەوجۆرە چەکانە کە تێچوی هەر یەکێکیان زیاترە لە شهك ملیۆن دۆلاره لە هەر پێکدادانێکدا لەگەڵ چینیشدا گرنگ دەبن، سەرچاوەکان رەتیانکردەوە ئاماژە بەوە بکەن کە چەندە لە هەر یەکێک لەم تەقەمەنیانە لە لای ئەمریکا ماونەتەوە.
شەڕی ئەمریکا و ئێران كه كۆتایی مانگی شوباتی ئهمساڵ دهستیپێكرد، بوەتە هۆی کەمبونەوەیەکی بەرچاو لە یەدەگی موشەکە پێشکەوتوەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتەکانی ناوەندی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) و پێنتاگۆن، سوپای ئەمریکا ڕێژەیەکی زۆر لە چەکە ورد و مەودا درێژەکانی بهكارهێناوه، كه نزیکەی 50%ی موشەکە بەرگرییەکانی پاتریۆت بەکارهاتون.
ههروهها زیاتر لە 50%ی موشەکە ڕێگرەکانی سیستەمی THAAD: بهكارهێنراوه و نزیکەی 30%ی موشەکە کروزەکانی توماهۆک تەواو بون.