حوسییەکانی یهمهن كه هاوپەیمانی ئێران رایانگەیاند، ئهمڕۆ یەکشەممە هێرشیان کردە سەر پاڵاوگەی جەزان سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە، ئەوەش دوای دو ڕۆژ لە واژۆكردنی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ تورکیا و پاکستان.
ئاوێنە: یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە پۆستێکدا لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاندوە، گروپەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان پاڵاوگەکەیان کردوەتە ئامانج. حوسییەکان پێشتر دامەزراوەکانی ئارامکۆیان لە جازان و یانبو لەسەر دەریای سور کردوهتە ئامانج.
ئێران و میلیشیا شیعەکانی هاوپەیمانی هێرش دهكهنه سهر سعودیە و دەوڵەتانی دیکەی کەنداو، هەروەها گەمارۆیەکیان بەسەر بارەکانی وزەدا سەپاندوە، لەوکاتەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات هێرشیان کردە سەریان، ئەوەش لە هەڵکشانێکی گەورەدا دوای چەندین ساڵ لە گێژاوی ناوچەکە.
وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاند، ئاگر لە پاڵاوگەکە کەوتوەتەوە و دواتر کوژاوەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی دیاری بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕوداوەکە لەو دامەزراوەیە تەواو دەکەن، کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای سعودیە، کە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بهرههمدههێنێت.
ئەمین ناسر، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ هەفتەی رابردو رایگەیاند، دوایین هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیاکە بوەتە هۆی هەندێک پچڕانی بەرهەمهێنان، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە دەتوانرێت بە خێرایی کارەکانی بگەڕێندرێتەوە.
ئەو هەڵکشانە بوەتە هۆی پەکخستنی دابینکردنی وزەی جیهانی و ئابوری جیهانی هەژاندوە، وایکردوە سعودیە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و پاکستان پێکبهێنێت کە هەردوکیان هاوپەیمانی ئەمریکان لە وڵاتانی زۆرینەی سوننە.