لە پەرەسەندنێکی نوێی سیاسی و سەربازیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەکە لە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ڕیازی پایتەختی سعودیە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵییان واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێککەوتنە بەهێزکردنی ڕێگریی بەکۆمەڵە لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکی چەکداریدا؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ وڵاتە ئەندامەکە هەژمار دەکرێت، ئەمەش هاوشێوەی بەندی بەرگری هاوبەشی هاوپەیمانی ناتۆیە.
ئاوێنە: ڕێککەوتنەکە جگە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، کار لەسەر پهرهپێدانی هاریكارییه بهرگرییهکان له نێوان هەرسێ وڵاتدا دەکات، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی قەیران و جەنگەکان لە ناوچەکەدا کە تێیدا ئەم سێ دەوڵەتە گەورەیە کە پێشتر پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبووە، بەرگری هاوبەش لەخۆ دەگرن.
هەڵوێستی فەرمی ئێران:
لەم چوارچێوەیەدا، ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بارەی ڕێککەوتنی مەککە و ڕەوتی نوێی ناوچەکەوە خستەڕوو. باقایی ڕایگەیاند کە پێکهێنانی ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە لەو تێگەیشتنەی دەوڵەتانی ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە گەیشتن بە ئاسایش لە ڕێگەی ئەمریکاوە چیتر مومکین و مسۆگەر نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییەکان، متمانە و ئاسایشی خۆیان بە بێ بوونی ئەکتەرە دەرەکییەکان پتەوتر بکەن. هاوکات هۆشداری دا و داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە نەبنە مەیدانی هەڵدانی هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی کیانەی زایۆنیستی بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرا بوونە.