وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە "جۆرێک لە ڕێککەوتن" نزیک بوونەتەوە.
ئاوێنە: خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ" ڕایگەیاند "ئاماژەکان دەریدەخەن تاران و واشنتۆن لە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان نزیک بوونەتەوە".
وتیشی "بارودۆخەکە جارێکی تر بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی یان جۆرێک لە سازان هەنگاو دەنێت".
ئاسف جەختیکردەوە "ئەو ئاماژانەی لەماوەی دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا پێمان گەیشتوون، ئەوە دەردەخەن جۆرێک لە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە".
هاوکات قەتەر ڕایگەیاند کە ئێران و عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە قۆناغی تەکنیکیی دانوستانەکان و خەریکی کۆتاییهێنانن بە دیاریکردنی وردەکاریی ڕێڕەوەکانی کەشتیڕانی.