قەتەر قۆناغێکی نوێی دانوستانەکانی ئێران و عومان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت
  2026-08-12       42       

لە پێشهاتێکی نوێی پەیوەندیدار بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێشکەوتنی بەرچاوی لە دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ڕاگەیاند.

ئاوێنە: ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانی تاران و مەسکەت سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز بەردەوامن و گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و خاڵێکی یەکلاکەرەوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە دەوحە پشتگیری لە تەواوی ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێک بەشدارە و کار بۆ ئەوە دەکات بە زووترین کات گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریاییدا بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە قەتەر هاوکار و پشتیوانی هەر ڕێککەوتنێکە کە ئاسایشی گەرووەکە و ئازادیی دروستبوونی جووڵەی دەریایی مسۆگەر بكات، بە شێوازێک کە ڕێگە نەدرێت ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە وەک ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی بەکاربێنرێت.

ئەنساری باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا پەیام و وەڵامی ئەرێنییان لە هەردوو لایەنی عومانی و ئێرانییەوە پێگەیشتووە.

ئەم پێشاتانە لە کاتێکدان کە ئێران و عومان ماوەیەکە لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ داهێنانی ڕێکارێکی هاوبەش بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی جووڵەی کەشتییەکان و دیاریکردنی ڕێڕەوی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. لەم ڕەوتەشدا، هەردوو وڵاتی قەتەر و پاکستان ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر پێکدادانێکی سەربازی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×