26 وڵات ئیدانه‌ی له‌سێداره‌دانی خۆپیشانده‌ران له ئێران ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، كۆماری ئیسلامی ئێران، خۆپیشانده‌ران له‌پێناو سه‌ركوتكردنی نه‌یاراندا له‌سێداره‌ده‌دات.
ئاوێنه: 26 وڵات، لەنێویاندا فەرەنسا، بەریتانیا و که‌نادا، ئه‌مڕۆ چوارشەممە ئیدانه‌ی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران کرد و لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەران بۆ "بێدەنگکردنی نەیاران" لەسێدارە دەدات.
ئەوان لە ڕاگەیەندراوەكه‌دا داوایان لە ئێران کرد کە "گوێ لە دەنگی خه‌ڵكی خۆی بگرێت، هەنگاوی کاریگەر بنێت بۆ دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دەستبەجێ کۆتایی بە جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بهێنێت."
لە ده‌سپێكی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تاوه‌كو ئێستا، ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە ئێران خێراتر بوە و دەسەڵاتی دادوەری دەیان کەسی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە: "سیخوڕی"و "هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" لەسێدارە داوە، کە لە نێوانیاندا دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سه‌رتاسه‌رییه‌كی رۆژانی كۆتایی ساڵی رابردو و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ هه‌ن.
سەرباری تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە سیخوڕییه‌وه، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگه‌یاندوه، ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون، دەستیان هەبوە لە ئاگربەردان لە باڵەخانەکان، تێکدانی موڵکی گشتی و کوشتنی هێزە ئه‌منییه‌كاندا.
نەتەوە یەکگرتوەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، له ناوه‌ڕاستی مانگی سێی ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا، لانیكه‌م 56 کەس بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییه‌وه له ئێران لەسێدارە دراون.