ئەمریکا: نرخی نەوت دەبێتە پێشینەی ڕوبەڕوبونەوەی تاران و پێش بەرنامەی ئەتۆمی دەکەوێت
  2026-08-14       76       

​لە گۆڕانکارییەکی دیاردا لە ڕیزبەندی پێشینە ستراتیژییەکانیدا، ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی دابینکردنی وزە بووەتە ئامانجی یەکەم لە ململانێ بەردەوامەکەیدا لەگەڵ ئێران، بەمەش پێش دۆسیەی ئەتۆمی تاران کەوت، ئەوەش لە سایەی لێکەوتەکانی جەنگ و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر بازاڕەکانی ئەمریکا چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول.

ئاوێنە: ​لە لێدوانێکی رووندا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جی دی فانس، جەختیکردەوە کە لە ئێستادا پێشینەی سەرەکی بریتییە لە پێویستیی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە، و جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕێچکەیە ئێستا پێش کێشەی ئەتۆمی کەوتووە.

​فانس وتی: "دەزانم نرخی نەوت لەم ڕۆژانەدا نزمە، و زۆر نزمترە لەو ئاستە بەرزانەی لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگدا تۆمار کرابوون"، و زیادیشی کرد: "ئەمە ئامانجی یەکەمە، پاراستنی نرخی هەرزانی نەوت و گاز بۆ ئەمریکییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەماندا". هەروەها بە جەختکردنەوەوە وتی: "دیارە ئامانجی دووەم ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناووکی ڕاناگات".

​فشارە ئابوورییەکان و سزادانی نوێ

​ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاوکات بوون لەگەڵ هەڕەشەکردنی وەزیری گەنجینە، سکوت بیسنت، بە پاکێجێکی نوێی سزادانی ئابووریی توند دژی تاران، لە درێژەپێدان و توندترکردنی ئەو ڕێبازەی کە واشنتن زیاتر لە چوار دەیەیە بەرامبەر ئێران پەیڕەوی دەکات.

​ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە بازاڕی نەوت بەرزبوونەوەی زۆر تیژی بەخۆوە بینی بەهۆی فراوانبوونی ڕووبەری ململانێکان، بە شێوازێک کە نرخەکان لە هەندێک وێستگەدا سنووری ۱۱۰ دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند، کە ئەمەش ئاستێکی پێشتر نەبینراو بوو لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە، ئەوەش فشاری سیاسی و ئابووری زۆر گەورەی خستە سەر ئیدارەی ئەمریکا.

​گەروی هورمز: کارتی گوشاری ستراتیژی

​چاودێران پێیان وایە کە لێدوانەکانی فانس و بیسنت دەریدەخەن واشنتن بە قووڵی لە مەترسی ئەو کارتانە تێگەیشتووە کە ئێران خاوەنیەتی، لە سەرووی هەمیشیانەوە بەرگری لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەروی هورمزدا، کە تاران وەک کارتی گوشارێکی ستراتیژی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری جیهانی و بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بەکاری دەهێنێت.

​هەروەها ئەم گۆڕانکارییانە تیشک دەخەنە سەر حسابی سیاسی ناوخۆیی هەستیار لە ئەمریکادا، لەو کاتەی نرخی سووتەمەنی بایەخێکی دوو هێندە دەبینێت لە بازاڕەکانی ئەمریکادا لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، کە ئەوەش واشنطنی ناچار کرد دووبارە نەخشەی پێشینەکانی دابڕێژێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکە لە دەروازەی ئاسایشی ئابووری و بژێوی هاووڵاتی ئەمریکیدا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×