لە ئێران (ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان) دامەزرا
  2026-08-15       69       

ئەمڕۆ لە ئێران ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان بە ئامانجی بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی ژنان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان ئەنجوومەنێکی راگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد "ئەمڕۆ ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند کەلە ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان لەبواری سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا، مافی ژنان و مافی مرۆڤ پێکهاتووە".

دەربارەی ئامانجی دامەزراندنەکەی، هاتووە "ئامانجی دامەزراندنی ئەو ڕاوێژکارییە بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی ژنان و ڕێکخستنی ئامادەیی سەربەخۆ، کاریگەر و چارەنووسسازانەی خۆیان بووە لە گۆڕەپانی گشتی و سیاسی وڵاتەکەدا، هەروەها مافی ژیان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان ئامانجی دیکەی ڕاوێژکارییەیە".

بەگوێرەی بەیاننامەکە، پێنج ژن بۆ دامەزراندنی ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان دەستپێشخەر بوون کە بریتین لە، سەمانە سەوادی، سەنام دەوڵەتشاهی، مینا خانی، نەعیمە دووستدار، یاسمین فەهید و، وتویانە "ئێمە وەک تۆڕێکی دیموکرات، فرەیی، گشتگیر و فێمینیست” کار دەکەین کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیان ساڵە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران و هەڵاواردنی ڕەگەزیی و پیاوسالاریی بەرخۆدان دەکەن، بەڵام ئەم پرسە سەرەکییە هێشتا نەگۆڕاوە بۆ بەشداریی ڕاستەقینە و چارەنووسسازیان لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا".

ئەوەش خراوەتەروو، "هێشتا ژنان لە پێکهاتە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان و پرۆسەکاندا لەبەرچاو نەگیراون کە بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکە دەدەن، بوونی ئەوان ڕەمزییە، پێویستە لانیکەم ٥٠٪ـی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان بن".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×