وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومانی سەبارەت بە گەرووی هورمز بە "ئەرێنی" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات لەسەر نەخشەیەکی نوێ بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (دفاع پرێس) ڕایگەیاند "ڕێککەوتن لەسەر نەخشەی هاتوچۆی کەشتیوانی بەدەست هاتووە".
بە وتەی ئەو، ئێران و عومان وەک دوو وڵاتی کەناراوی گەرووی هورمز، لە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەرەوە و هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ٢٨ی حوزەیران، دانوستانی چڕیان بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەستپێکردووە.
لای خۆشییەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەر ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (شەهرارا نیوز) وتی "تاران هێشتا بڕیاری نەداوە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پەیامانەی لەڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە لەنێوان تاران و واشنتۆن ئاڵوگۆڕ دەکرێن، بە واتای دەستپێکردنی دانوستان نین.
عێراقچی وتیشی "لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەنێوان ئێمە و ئەمریکادا ئەنجام نەدراوە" و ڕوونیشیکردەوە کە قەتەر و پاکستان لەگەڵ هەردوو لایەن لە پەیوەندیدان و پەیامەکان دەگەیەنن، بەڵام ئەم پرۆسەیە "بە واتای دانوستان نییە".
هەروەها باس لەوەشدەکات، هێشتا بڕیار نەدراوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەبوونی "ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە" دەکەن و وتی "لەیاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، بابەتی کۆتاییهێنان بە شەڕ و دیاریکردنی مۆڵەتێکی ٦٠ ڕۆژە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی کۆتایی هاتبووە ئاراوە، نەک ئاگربەستێک کە ئێستا پێویستی بە درێژکردنەوە هەبێت".
هاوکات عێراقچی دانوستانەکانی ئێران و عومانی سەبارەت بە گەرووی هورمز بە "تەواو تەکنیکی و پسپۆڕانە" وەسفکرد و وتی "هەردوو وڵات خەریکی دیاریکردنی هێڵە دەریاییە نوێیەکانن بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان، چونکە ڕێڕەوەکانی پێشوو چیتر کارایی پێویستیان نەماوە".
ئاشکراشیکرد "لە قۆناغی یەکەمدا ڕێڕەوێکی کاتی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان دیاریدەکرێت کە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ کێشانی ڕێڕەوی کۆتایی. هێزە چەکدارەکانی ئێران و عومانیش لەم دانوستانانەدا بەشدارن".
لە هەمانکاتدا جەختی لەوەکردەوە کە دیاریکردنی ڕێڕەوی دەریایی و بڕیاردان لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز دوو بابەتی جیاوازن. بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بەندە بە "جێبەجێکردنی مەرجگەلێکی تر" کە دەبێت ئەمریکا ئەنجامیان بدات.