پیلانی نوێی ئەمریکا دژی ئێران؛ پێنج کارتی بەهێزی ترەمپ بۆ خستنەسەرچۆکی تاران
  2026-08-16       37       

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەوەی ناوی ناوە «گوشاری ئابووریی بێوێنە» بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

ئاوێنە: سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەرەو توندکردنەوەی زیاتری گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران هەنگاو دەنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی سەدان سزای جۆراوجۆر و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانیدا بووەتەوە.

هەرچەندە واشنتن هێشتا وردەکاریی ئەو هەنگاوانەی ئاشکرا نەکردووە کە بڕیارە بەرامبەر ئێران بیانگرێتەبەر، بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە چەندین ئامراز و بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ سەپاندنی گوشاری زیاتر و دەتوانێت بەکاریان بهێنێت.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە پێنج بژاردەی سەرەکیی گریمانەیی کردووە کە لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادان؛ لەوانە سزادانی دامەزراوە داراییە چینییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو (صرافی) کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، هاوکات سڕکردن و بلۆککردنی زیاتری سامانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

پەیوەندییەکان لەگەڵ چین

چین زیاتر لە ٩٠٪ـی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت، ئەمەش وا دەکات سزادانی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی ئاسانکاری بۆ ئەم کڕینانە دەکەن ببێتە ئامرازێکی ڕاستەوخۆ بۆ کەمکردنەوەی داهاتە نەوتییەکانی تاران.

واشنتن لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا دژی ئێران لە کۆتاییەکانی شوباتەوە، سزای بەسەر ژمارەیەک لە پاڵاوگە بچووکەکانی چین و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانیاندا سەپاندووە؛ بەڵام تا ئێستا خۆی لە بەئامانجگرتنی بانکە گەورەکانی چین کە پارەدارکردنی ئەم بازرگانییە دەکەن پاراستووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەئامانجگرتنی کۆمپانیا یان دامەزراوە داراییەکانی چین لەوانەیە مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ پەکین دروست بکات، بەتایبەت لە سەروبەندی دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین.

هەروەها ئەم هەنگاوە دەکرێت لێکەوتەی ئابووریی لێ بکەوێتەوە؛ چونکە کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران رەنگە بازاڕی جیهانی لە بەشێک لە نەوتی خاوی هەرزان بێبەش بکات، ئەوەش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.

لە مانگی ئایاردا، چین فەرمانی بە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کرد کە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بەسەر پێنج پاڵاوگەدا نەبن. هاوکات، گەورەترین بانکەکانی چین لە نێوان فەرمانەکانی پەکین و مەترسیی لەدەستدانی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکادا گیریان خواردووە.

کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو (صرافی)

چەندین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتە جیاوازەکاندا بوونیان هەیە کە یارمەتیی ئێران دەدەن لە گەڕاندنەوەی پارە بۆ ناوخۆی وڵات. پاش فرۆشتنی نەوت، تاران پێویستی بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و ناوبژیوانان هەیە تاوەکو ئەو پارانەی زۆرجار بە یوانی چینی وەردەگیرێن، بگۆڕن بۆ ئەو دراوانەی کە لە ڕووی کردارییەوە بتوانێت بەکاریان بهێنێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێشتر ئەوەی دەرخستووە کە ئەم ڕێگەیە وەک خاڵێکی لاوازی ئێران دەبینێت؛ لەبەر ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی بێسێنت بە ناوی «تووڕەیی ئابووری»، سزای بەسەر هەندێک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانیدا سەپاندووە و تۆمەتباری کردوون بە هاوکاریکردن لە سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار دراوی بیانی.

بەئامانجگرتنی ئەم کۆمپانیایانە دەکرێت توانای ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە داراییەکانی سنووردار بکات؛ بەڵام تاران بە درێژایی ساڵان کەناڵی بەدیلی بۆ گواستنەوەی پارە لە دەرەوەی سیستەمی دارایی فەرمی دروست کردووە.

بۆیە پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ڕەنگە مامەڵەکان بەرەو ناوبژیوانی نوێ، دراوی دیکە یان سەروەتە دیجیتاڵییەکان ئاراستە بکات، نەک ئەوەی بە تەواوی ڕایانگرێت.

سزای لاوەکی 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت هەڕەشەی سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر هەر قەوارەیەکدا بکات کە تەنانەت مامەڵەی سنوورداریش لەگەڵ ئێراندا دەکات؛ هاوشێوەی ئەو شێوازەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ بەرامبەر کۆریای باکوور گرتیەبەر.

ئەم ڕێکارە دەکرێت کۆمپانیا و بانکە بیانییەکان ناچار بکات لە نێوان بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ ئێران و پاراستنی دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکادا، یەکێکیان هەڵبژێرن. لە ئەنجامدا مەودای دەسەڵات و کاریگەریی واشنتن دەتوانێت لەو قەوارانە تێپەڕێت کە ڕاستەوخۆ بە بازرگانیی نەوتی ئێرانەوە بەستراونەتەوە.

ئەم سیاسەتە هەروەها گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ڕووسیا و چین، بەڵام دەکرێت کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش، لەوانە تورکیا بگرێتەوە؛ وڵاتێک کە هەم هاوبەشی ئەمریکایە و هەم پەیوەندییەکی بازرگانیی گرنگی لەگەڵ تاراندا هەیە.

ترەمپ پێشتریش شێوازێکی هاوشێوەی خستبووە ڕوو؛ کاتێک هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگیی ٢٥٪ـی کرد بەسەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن، هەرچەندە تا ئێستا ئەم هەڕەشەیەی جێبەجێ نەکردووە.

سامانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت لە سڕکردنی سامانەکانی دەوڵەتی ئێران زیاتر بڕوات و هەنگاو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانانە بنێت کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکادان؛ هەنگاوێک کە دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو شێوازە بێت کە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ گرتیەبەر.

سەرەڕای ئەوەش، قەبارەی ئەو سامانە دەوڵەتییانەی ئێران کە بە کردەیی لەژێر کۆنترۆڵی دادوەریی ئەمریکادان ڕەنگە سنووردار بێت. هەروەها دەستبەسەرداگرتنیان لە ڕووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت بەراورد بە تەنها سڕکردنیان.

بەشێکی بەرچاو لە سامانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە وڵاتانی سێیەمدایە؛ بۆیە واشنتن بۆ دەستبەسەرداگرتنیان پێویستی بە هاوکاریی حکومەتە بیانییەکان دەبێت.

کەشتیگەلی نهێنی 

لە کاتێکدا گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ بەندەرەکانی ئێران و بەپێچەوانەوە، واشنتن لەوانەیە تاوتوێی فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکانی و جێبەجێکردنی ڕێکاری گشتگیرتر بکات.

ئەم ڕێکارانە لەوانەیە تەنها کەشتییەکان بە شێوەی تاکەکەسی نەکەنە ئامانج، بەڵکو کۆمپانیاکان، وێستگەکان و ژێرخانەکانی دیکەش بگرنەوە کە ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی پەیوەندیدار بەو تۆڕە دەکەن کە بە «کەشتیگەلی نهێنی» ناسراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتریش سزای بەسەر ژمارەیەک کەشتی و قەوارەی پەیوەندیدار بەو کەشتیگەلەدا سەپاندووە.

زۆرترین بینراو
عەبدوڵا گول، چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دەگێڕێتەوە
سه‌عد مه‌عن: بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چه‌ك ئه‌و گروپانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانن‌
لێدوانی نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی به‌نزینی 750 دیناری
بەریتانیا بە توندی وەڵامی نەتانیاهۆ دەداتەوە کە پێی وتبوون "کۆماری ئیسلامی بەریتانیا"
دادگای فیدراڵی داوایەکی عەلی حەمەساڵح بۆ ڕاگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران ڕەتدەکاتەوە
ئیلهام ئەحمەد: گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و پرسی کورد بابەتی سەرەکییە
په‌رله‌مانتارێك: به‌نزینی 750 دیناری 86%ی بۆ زۆنی هه‌ولێر و ته‌نیا 14%ی بۆ زۆنی سلێمانییه‌
لە ئێران (ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان) دامەزرا
واڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ بۆ خۆشی وتویه‌تی، گه‌روی هورمز وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نم
د. رێبوار کەرێم بۆ ئاوێنە: تاوەکو ئێستا نازانین ئەم هەفتە مووچە دێن یان نا، وەزیری دارایی پارە کۆدەکاتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×