سەرۆک کۆماری تورکیا یاسای چارەسەرکردنی پرسی کورد واژۆ کرد و بە بڵاوکردنەوەشی لە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیا، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی فەرمی تورکیا یاسای چارەسەری بڵاوکردەوە کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە، ئەویش دوای ئەوەی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە واژۆ کرا.
ئەردۆغان لە پەیامێکدا کە بەۆنی واژۆکردنی یاساکەوە بڵاویکردەوە ڕایگەیاند: “هیوادارم یاسای بەهێزکردنی هاودهنگی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە بە سازانێکی نموونەیی و بە دەنگی 467 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی وڵاتەکەمان پەسەند کرا و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، ببێتە هۆی خێر و خۆشی”.
وتیشی: “لە ناخی دڵمەوە سوپاسی هاوبەشمان لە هاوپەیمانی جمهوور بەرێز دەوڵەت باخچەلی، فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمان، هاوڕێیان و هاودۆزەکانم لە فراکسیۆنی ئاک پارتی، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتوڵمووش و هەموو لایەنە سیاسی و پەرلەمانتارەکان دەکەم کە سەرەڕای هەموو تێفکرینێکی جیاواز، بەڵام ڕوانگەیەکی بونیادنەرانەیان بۆ ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئاسایشی تورکیا، لە خۆیان نیشاندا”.
ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، “پیرۆزبایی لە دامەزراوە و کارمەندەکانمان دەکەم کە هەتا ئەمڕۆ قۆناغەکەیان بە بێ کێشە و گرفت هێناوەتە پێشەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییەکانی کەسوکاری شەهیدان، قارەمانانی جەنگ و گەلەکەمان، ئەم قۆناغەش لە چوارچێوەی ئەو زەمینەیەی کە یاسای دیاری کردووە، لەگەڵ دامەزراوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانمان بە هەمان دڵسۆزیی و هەستیارییەوە کارگێڕی دەکەین و بەرەو پێشەوەی دەبەین”.
ڕۆژی 11ی ئەم مانگە، پەرلەمانی تورکیا دوای دانیشتنێک کە نزیکەی 12 کاتژمێری خایاند، بە زۆرینەی دەنگی 467ی بەڵی و 88ی نەخێر پڕۆژە یاسای چارەسەری پرسی کوردی پەسەندکرد.