بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە لایەن سەرچاوە سەربازییەکانەوە، ئەمڕۆ ئاراستەکردنی چەند درۆنێک بەر پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ لە شاری جیزانی باشووری سعودیە کەوتووە و لە ئەنجامدا تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکەدا ڕووی داوە و ئاگر لە شوێنەکە کەوتووەتەوە.
ئاوێنە: سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە ئامانجگرتنی ئەو دامەزراوە نەوتییە لەرێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە لایەن حوسییەکانەوە ئەنجام دراوە. لەگەڵ ئەوەی ڕوودانی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ ئامارێکی فەرمی یان ورد لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم هێرشە ئاشکرا نەکراوە.
لای خۆیانەوە، تا ئێستا دەسەڵاتدار و لایەنە فەرمییەکانی وڵاتی سعودیە و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای نەوتیی ئارامکۆ هیچ ڕاگەیەندراو، لێدوان یان پەیامێکی فەرمییان سەبارەت بە ڕاستی و دروستیی ئەم هەواڵە و هۆکاری ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.