ڕافائێل گڕۆسی دوای دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند کە سەردانی سایتی ئەتۆمیی دێرەزووری کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، پشکێنەرانی ئەم دامەزراوەیە هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمییان لە ناوەندێک لە سووریادا دۆزیوەتەوە، کە بەرپرسانی دیمەشق مانگی ڕابردوو هەبوونی ئەو ناوەندەیان بە ئاژانسەکە ڕاگەیاندبوو.
ئاوێنە: ڕافائێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، ستایشی بڕیاری بوێرانەی دیمەشقی کرد بۆ ڕاگەیاندنی هەبوونی ئەم سایتە کە پەیوەندی بە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە هەیە، و وتی "ئەم ماددانە دەخرێنە ژێر پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکان".
وتیشی "ئێمە باس لە چەندین تۆن ماددەی ئەتۆمی دەکەین کە دەکرێت بە شێوەیەکی نەگونجاو بەکاربهێنرێن".
لایخۆیەوە، ئەسعەد ئەلشەیبانی وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا، لەو کۆبوونەوەیەدا وتی "ئێمە ڕۆژی ١٧ی تەمموز نامەیەکی فەرمیمان بۆ ئاژانس نارد و تێیدا بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هەبوونی ماددەی ئەتۆمیمان لە سایتێکی ڕانەگەیەندراودا، لەناو پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوودا، ڕاگەیاند".
ئەلشەیبانی راشیگەیاند "هەڵسەنگاندنە تەکنیکییەکان دەریدەخەن کە ئەم ماددانە هیچ مەترسییەک دروست ناکەن" و هەروەها دەشڵێت "ئەم ماددانە هەر لەژێر چاودێری و پاراستنی حکومەتی سووریادا دەمێننەوە و دەخرێنە ژێر سیستەمی پارێزبەندییەکانی ئاژانس".
هاوکات گڕۆسیش ئاشکرای دەکات "ئەم ماددانە تۆمار دەکرێن و وردبینییان بۆ دەکرێت و لەچوارچێوەی سیستەمی پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەنرێن". ئاماژەی بەوەشکرد کە شارەزایانی سووری و شارەزایانی ئاژانس پێکەوە کاردەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەم ماددانە.
ڕێککەوتنی نهێنی ئەمریکا لەگەڵ سووریا و ئیسرائیل بۆ دەرهێنانی ماددە ئەتۆمییەکانی دیمەشق هەبووە و لەوبارەئیەوە گڕۆسی دەڵێت "ئێمە لە سایتی دێرەزوور ئامادە بووین؛ شوێنێک کە ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر فراوانی هەڵکەندن و پشکنینی تێدا ئەنجام دەدرێت". ئەو زیادی کرد "ئەم بابەتە زۆر گرنگە، چونکە ئەم هەنگاوانە هەڵسەنگاندنە لەمێژینەکانی ئاژانس پشتڕاست دەکەنەوە کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی بە شێوەیەکی نهێنی لە حاڵی دروستکردندا بووە".