هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە پارێزگای ئیدلبی سووریا، دۆخە سیاسی و سەربازییەکەی ناوچەکەی خستووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزەوە، ئەمەش کاردانەوەی تووندی لێ کەوتووەتەوە و لایەنەکان هەڵوێستی جیاوازیان لەسەر بوونی هێزەکان لەو وڵاتە راگەیاندووە.
ئاوێنە: وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، گرت و ڕایگەیاند کە ناوبراو تورکیا بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدار لە سووریا دەبات. کاتز جەختیکردەوە کە تەلئەڤیڤ بە هیچ شێوازێک سازش ناکات و ڕێگە بە هیچ قەوارەیەک نادات هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی دروست بکات.
لە بەرامبەردا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئاکسیۆس)ی ئەمریکی، بوونی هەرچەشنە سەرباز یان بنکەیەکی هەمیشەیی سوپای تورکیای لە خاکی سووریادا ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە کە هێزە تورکییەکان تەنها لە چوارچێوەی ڕاهێنان و هاوکاریی سەربازیدა سەردانی شوێنەکەیان کردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بنکەیە تا ڕادەیەکی زۆر خاڵی بووە و کارەکان تێیدا تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەیە بە مەبەستی بەکارهێنانی لەلایەن هێزی ئاسمانیی سووریاوە.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسی و سەربازییانە دوای ئەوە هات کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی (ئەبو زوهوور) لە سنووری پارێزگای ئیدلب، کە لە کاتی هێرشەکەدا بەشێک لە هێزەکانی سوپای تورکیای تێدا جێگیرکرابوو، ئەمەش دۆخەکەی بەرەو بەریەککەوتنی ڕاستەخۆی هێزە هەرێمییەکان بردووە.