حکومەتی سووریا هەنگاوەکانی لەناوبردنی چەکی کیمیایی و دادگاییکردنی تۆمەتباران دەستپێدەکات
  2026-08-21     

سووریا بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، دەست دەکات بە قۆناغێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی چەکی کیمیایی و گرتنەبەری ڕێکارە تەکنیکی و هونەرییە پێویستەکان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ئەو چەکانە، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕێوشوێنە یاساییەکان بۆ بەدادگاییگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.

ئاوێنە: ​ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، ڕۆژی هەینی لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی ٢١ی ئاب وەک یەکێک لە لاپەڕە هەرە بەئازارەکانی مێژووی وڵاتەکە لە یاد دەکرێت، کاتێک خەڵکی سڤیل بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە لەلایەن دەسەڵاتی پێشووەوە بوونە قوربانی. شەیبانی باسی لەوە کرد کە لە سبەینێوە سووریا قۆناغێکی نوێ لە ڕێکارە تەکنیکی و هونەرییەکان بۆ لەناوبردنی ئەم میراتە دەستپێدەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

​وەزیری دەرەوە جەختیشی کردەوە کە لە هەمان کاتدا کارەکان بەردەوام دەبن بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەنجامدەران و هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە کۆمەڵکوژییەکانی چەکی کیمیایی، تا لە ڕێگەی یاساوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگا بکرێنەوە، ئەمەش وەک چەسپاندنی پرەنسیپی نەهێشتنی دەربازبوون لە سزا و گەڕاندنەوەی ماف بۆ قوربانییان.

​لە لایەکی دیکەوە، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە پەیامێکدا بە هەمان بۆنەوە ڕایگەیاند کە پاش تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ بەسەر ڕووداوەکەی غۆتەی ڕۆژهەڵات، مافی قوربانییان لە بەدیهاتنی دادپەروەری وەک خۆی ماوەتەوە و بەدواداچوونی تۆمەتباران بەردەوامە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادرێت هیچ تاوانبارێک لە سزا دەرباز بێت.

​پەلامارە کیمیاییەکەی غۆتەی دیمەشق لە ٢١ی ئابی ٢٠١٣ بە گازی سارینی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٤٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

​حکومەتی سووریا دووپاتی دەکاتەوە کە لە دوای قۆناغی گۆڕانکارییەکانەوە، بەردەوامە لە بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک لە تۆمەتباران دەستگیرکراون بە مەبەستی دادگاییکردنیان، هاوکات پێداگری لەسەر پابەندیی نیشتمانی و ئەخلاقیی خۆی دەکات بۆ نەهێشتن و پاککردنەوەی تەواوەتی ئەو پاشماوە کیمیاییانەی لە قۆناغی دەسەڵاتی پێشووەوە ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×