حەلبوسی: هیچ مەترسییەک لەسەر خەرجکردنی مووچە نییە و هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەبێ پشوو بەردەوام دەبێت
  2026-08-21       93       

لە میانەی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند کە هیچ پێکدادانێک لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا بوونی نابێت و کۆتایی مانگی ئەیلولی داهاتوو وەک دەستپێکێک دەبێت بۆ کۆکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی چەکەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، و دوپاتی کردەوە کە ئەمە پرسێکی ناوخۆیی و سەربخۆی عێراقییە.

ئاوێنە: سەبارەت بە دۆسیەی ئابووری و هاوڵاتییان، دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و هیچ مەترسییەک لەسەر خەرجکردنی نییە، هاوکات حکومەت و پەرلەمان پێکەوە هەنگاوی روونیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی گشتگیر دەستپێکردووە و پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا خەریکی تاوتوێکردنی بودجەیە و وەزیرە پەیوەندیدارەکانیش بانگهێشتی هۆڵی پەرلەمان دەکات.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا لەسەر گەندەڵی، ئاماژەی بەوەدا کە گەندەڵی لە ڕابردوودا بووبە سیستەمێک، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران لە لێپرسینەوەی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت و سەرەڕای قەبارە و پێگەی کەسە گەندەڵەکان، ئەم هەڵمەتە بە پشتگیریی سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان بەبێ ناڕەزایەتی بەردەوامە. هەروەها سەبارەت بەو یاسایانەی کە حکومەت لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ پەرلەمانی ناردوون (کە ژمارەیان 42 یاسا بووە)، ڕوونی کردەوە کە یاسای تاوانەکانی زانیاری ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بووەوە، لە کاتێکدا ئامانج لە دەرکردنی پاراستنی کۆمەڵگە و ئاسایشی تاکەکانە نەک سنوردارکردنی ئازادیی دەربڕین.

لە لێدوانە پەیوەندیدارەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەش کرد کە یاسای خزمەتی سەربازی لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کراوە و مەبەست لە دەرکردنی پاراستنی کۆمەڵگە و دروستکردنی نەوەیەکی بەرهەمهێنە. سەبارەت به دۆسیەی گەروی هورمزیش، ئاماژەی بەوەدا کە داوا لە لایەنی ئێرانی کراوە عێراق لە لێکەوتەکانی ببەخشێت و لایەنی بەرامبەر بەڵێنی داوە کە ئەم بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی وڵاتەکەیان تاوتوێ بکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×