باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات
  2026-08-21       127       

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت لەبەرامبەر هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور لە سووریا و دەڵێت، پێویستە ئیسرائیل لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لە چالاکی بخرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی حەوت خاڵی پێشنیاز دەکات.

ئاوێنە: دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بە مامەڵەکانی سەرپێچیی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و هێرشەکەی 18ـی ئابی 2026ـیش بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور لە سووریا بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەریی وڵاتان ناوبرد.

باخچەلی وتی، بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە بکرێت، پێویستە ئیسرائیل رابگیرێت.

سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند: “داوامان لە ئیدارەی ئیسرائیل روونە؛ دەستبەرداری هاندانی تورکیا و تاقیکردنەوەی ئارامییەکەی بن. تورکیا وڵاتێک نییە بەدوای ئاڵۆزیدا بگەڕێت، بەڵام کاتێک گەلی تورک هەڵدەستێتەوە، هیچ هێزێک نییە بتوانێت لە بەردەمیدا بووەستێت.”

باخچەلی پلانێکی حەوت خاڵی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئیسرائیل پێشنیاز کردووە:

1-لە رێگەی پەیماننامەی مەککەوە کە ئەم مانگە لەنێوان سعودیە، پاکستان و تورکیادا واژۆ کرا، سەروەریی وڵاتانی ئەندام بپارێزرێت و پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە جوگرافیای هاوبەشدا دروستبکرێت و لەو رێگەیەوە دەستپێشخەریی ئاسایش و بەرگریی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی بەدەستهێندرێت لەژێر ناوی “پەیمانی قودس”، وەک هێزی ئاشتیی ئیسلامی کە بەرگری لە تەواوی ئەو وڵات و ناوچانە بکات کە دەکەونە بەر پەلامارەکانی ئیسرائیل.

2-دەبێت هاوپەیمانی/ئەنجوومەنێکی ئاشتیی کاتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئەندامێتیی ئەمریکا، رووسیا، چین و یەکێتیی ئەورووپا دروستبکرێت وەک ئەنجوومەنی ئاشتیی جیهانی بە ئامانجی دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

3-بە ئاگربەستی کاتی، قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر ناکرێن. پێویستە میکانیزمێکی دیالۆگی بەردەوام هەبێت کە ئاسایشی ناوچەکە بە رێبازێکی گشتگیر وەربگرێت. بە دەستپێشخەریی تورکیا، دەبێت کۆنفرانسی ئاسایش و ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پەیوەندیی نزیک لەگەڵ هاوپەیمانی/ئەنجوومەنی ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆببێتەوە و نەخشەڕێگایەک بۆ جێگیرکردنی ئاشتیی بەردەوامی دوو دەوڵەتی لە فەلەستین دیاری بکرێت.

4-دەبێت “راگەیەندراوی ئەنقەرە” لەلایەن تورکیاوە رابگەیەندرێت کە ئەو پرەنسیپانە بخاتەڕوو کە تێگەیشتنی ئاسایشی ناوچەیی روونتر دەکەنەوە و کەشی ئاشتی و ئارامی دەکەنە بنەمای سەرەکی. هەروەها دەبێت تورکیا رایبگەیێنێت کە هەرگیز بێدەنگ نابێت بەرامبەر هێرشێکی ئەگەریی دوژمنکارانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەری، پاشان تورکیا بەرپرس نابێت لەو ئەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە.

5-ئەو ئاگربەستانەی میکانیزمی چاودێریی نێودەوڵەتییان لەگەڵ نییە، تەمەندرێژ نابن. بەمهۆیەوە دەبێت “نێردەی چاودێریی ئاگربەستی نێودەوڵەتی” سەربەخۆ لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا دروستبکرێت. دەبێت ئەم نێردەیە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست تۆمار بکات و رای گشتیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی شەفاف ئاگادار بکاتەوە.

6-لە شوێنی ئەو نێوەندگیرییانە کە لەلایەن دەوڵەتانەوە بە شێوەی تاک بەڕێوەدەبرێن، پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی و فرەلایەنە دروستبکرێت وەک “گرووپی پەیوەندیی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی” بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئاڵۆزەکاندا کاریگەر بێت.

7-سزاکان یان بانگەوازە دیپلۆماسییەکان بەتەنیا ئەنجامی بەردەوام بەدەستەوە نادەن و دەبێت “میکانیزمی گوشاری دیپلۆماسی و هاندان” دروستبکرێت. دەبێت سیاسەتی “دەورەدانی ئیسرائیل بۆ ئاشتی” جێبەجێ بکرێت و گوشاری سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکرێن، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە و میکانیزمی رێگریی سەربازیش چالاک بکرێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی مەهەپە دوای ئەوە هات کە هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە رۆژی 18ـی ئابی 2026 هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوهور لە سووریا. چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، تورکیا پلانی هەبوو ئەو شوێنە چالاک بکات و بەکاريبهێنێت.

زۆرترین بینراو
دوای گەمارۆ نوێیەکانی واشنتۆن؛ ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "وێرانکەر" لە ئەمریکا دەکات
باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق: زیاتر له‌ 16 هه‌زار خانه‌نشین دوای مردنیان موچه‌كانیان رانه‌گیراوه‌
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: ئاماده‌كردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كۆتایی هات و بۆ به‌غدا نێردرا
لاهور شێخ جەنگی، لەیادی هێرشکردنە سەر "لالەزار"دا شیعرێک بڵاودەکاتەوە
چین له‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكادا: سزا و گوشاره‌ ئابورییه‌كان چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكه‌ن
قەرەیلان: بەبێ بەشداریکردنی ئۆجەلان چەکدانان ئەستەمە و یاساکەی تورکیا ناتوانێت کێشەی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکات
تره‌مپ: ئه‌گه‌ر پێویست بوایه‌‌، سه‌د جاری دیكه‌ هێرشم ده‌كرده‌ سه‌ر ئێران
حکومەتی عێراق: ٣٠ی ئەیلول کۆتا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە نەک چەکداماڵینی گروپەکان
فەرهاد ئەتروشی: پێشمەرگە جیاوازە و بنەمایەكی دەستوری هەیە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×