لاهور شێخ جەنگی، هاوکات لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێک بەسەر هێرشکردنە سەر لالەزارو زیندانیکردنی، ئەم شیعرەی لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاوکردوەتەوە:
ئەگەر چی دیلم وا لە زیندانم
جەستەم شەکەت و ئازارە گیانم
من هەر ئەودیلەم دەستم بەستراوە
ڕووناکی خۆرم تاریک کراوە
دوور لە خێزان و ماڵ و منداڵم
ناحەز پێی خۆشە کە وایە حاڵم
پرسیارم بکەن نەک لە کۆبانێ
بڕۆن بۆ عەفرین تا سەرێ کانی
کێ بوو لەگەڵتان ڕۆژی تەنگانە
بتانپارێزێ لەو دڕندانە
بڕۆن بۆ ئامەد یاخود قەندیلم
لێیان بپرسن کوانێ بەدیلم
بڕۆ مهاباد لە ڕۆژهەڵاتم
سەربەرزی ئەوان ببووە خەباتم
بۆ خانەقینیش پشت و پەنابووم
بۆ کەرکوکی قودس خۆ من قەڵابووم
گلەی ناکەم لە دوژمنانم
خەمی گەلێک بوو دابووم بە شانم
بەڵام چی بکەم لە بێوەفایی
کە دۆستم دەیکات بۆ ناحەز شایی
ئێستاش بە دەستی دۆستم ئەسیرم
هەموو ئەوانە دێتەوە بیرم
بۆچی وایلێهات ئەم ڕۆژگارە
دۆست خۆی بفرۆشێ لە پێناو پارە
پارەی خۆفرۆش بڵقی سەر ئاوە
ئەوەی دەمێنێ تەنها هەر ناوە
خۆ دەیانزانی من گیانفیدابووم
عاشقی گەل و دەشت و چیابووم
زۆریان هەوڵدا تێکم بشکێنن
لەبەردەم دوژمن سوجدەم پێبێنن
سەرم پێشۆڕکەن بە نامەردانە
تا بیفرۆشم ئەم خاکە جوانە
وایاندەزانی من وەک ئەوانم
چۆک دادەنوێنم بۆ ناحەزانم
بیریان چووەتەوە من کوڕی خاکم
لەکۆت و بەندی زیندان بێ باکم
بۆیە ئەی خودای زۆر میهرەبانم
ئەی تۆی خالقی ئەرز و ئاسمانم
تاکەی قبوڵتە ئەم هەموو زوڵمە
کاتێک دەزانی کوردستان دڵمە
دڵ چۆن بفرۆشم من بەبێگانە
لای من کوردستان یاخود نەمانە
لاهور شێخ جەنگی
18ی ئابی 2026