دوو بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران جەختیان لە گۆڕینی ستراتیژی سەربازیی تاران لە دۆخی (بەرگری)ـیەوە بۆ «هێرشبەری» کردەوە و ڕایانگەیاند؛ وڵاتەکەیان لە بەرامبەر هەڕەشە ئەگەرییەکاندا دەتوانێت پەنا بۆ «هێرشی پێشوەختە» ببات.
ئاوێنە: محەمەد ئەکرەمینیا، وتەبێژی سوپای ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیرنا"، هێرشی تارانی بۆسەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن وەک نموونەیەک پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند "هێزە ئێرانییەکان پێش ئەوەی ئەمریکا بچێتە قۆناغێکی دیکەی جەنگەوە، ئەو بنکەیەمان کردووەتە ئامانج".
وتیشی "ستراتیژی هێرشبەری بەو مانایەیە کە هەر هەنگاوێکی سەربازی دژی ئێران دەستبەجێ وەڵام دەدرێتەوە و دەکرێت وەڵامەکە زۆر فراوانتر بێت لە هێرشە سەرەتاییەکە".
شایەنی باسە، لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆسەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن لە ١٧ی تەممووزدا، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران.