وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت "ڕەخنەکانی تۆم باراک دیپلۆماتکاری ئەمریکی "پڕن لە هەڵەو هەڵوێستگەلێک لەخۆدەگرن کە پێچەوانەی هێڵی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکن".
ئاوێنە: ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕەخنەی لە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا گرت کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایەلە تورکیا بەهۆی ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی سوریا ئەنجامیاندا.
کاتز وتی ئیسرائیل پێش هێرشەکان "زانیاری هەواڵگری ئەمنی بۆ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا" گواستەوە. بەگوێرەی ئیسڕائیل، ئەو هێرشانە بە ئامانجی “ڕێگری لە جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا” بووە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئیدیعای کرد کە ڕەخنەکانی باراک “پڕن لەهەڵەو زانیاری نادروستو هەڵوێستگەلێک لەخۆدەگرن کە دژایەتی هێڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن".
تۆم باراک ئیدانەی هێرشەکانی سەر سوریای کرد و ئیسرائیلی بە "بەرزبوونەوەی ناپێویست " تۆمەتبار کردو رایگەیاند "رەنگە هێرشەکە مانۆڕێکی هەڵبژاردن بێت لەلایەن نەتانیاهۆ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 27ی ئۆکتۆبەر لەئیسرائیل، کە پێشبینی دەکرێت مانەوەی لەدەسەڵاتدا قورس بێت".
وەڵامی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ تۆم باراک لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سووریا پەرەی سەندووە.
پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی شەڕی غەززە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش تێکچووبوو . بەڵام ئێستا پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی تورکیا لە سوریا و چالاکییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لەسەر خاکی سوریا، هۆکارێکی دیکەی مەترسیدار لە ناوچەکەدا دروست دەکەن.
سەبارەت بە هێرشەکە، ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد کە دیمەشق نزیکە لە پێشێلکردنی "دۆخێکی ئێستا" کە بە گوتەی لایەنی ئیسرائیلی، بە هۆکاری ئەمنی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ڕێگە بە جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا دەدات بۆ ئەو دامەزراوە تایبەتە.
وەزیری دەرەوەی سوریا بە ئاکسیۆسی وتووە "هیچ نیازێک نەبووە بنکەیەکی تورکیا لەوێ دابمەزرێنێت، نە ئامادەیی سەربازیی هەمیشەیی تورکیا یان جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا هەبێت".
هەروەها ئەنقەرە تۆمەتەکانی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە و بە "تۆمەتی بێ بنەما" لە بارەی بوونی سەربازی وڵاتەکەی لە سوریا ناوی برد.
بەڵام ناتانیاهۆ وتی ئیسرائیل بەرگەی فراوانبوونی ئامادەیی سەربازی تورکیا بەرەو باشوور لە سوریا ناگرێت. لە چاوپێکەوتنێکدا دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حکومەتەکەی وەک هۆشدارییەک "پەیامێکی" بۆ تورکیا ناردووە.
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی تۆمەتبارکرد بەوەی "تورکیا بۆ سەرگەرمییە مەترسیدارەکان لە سوریادا ڕاکێشاوە"، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە تەلئەبیب ئەو هەنگاوانە قبوڵ ناکات کە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.
کاتز ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا وتی : ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین هەڕەشە لە ئاسایشی ئێمە بکات . باشترە ئەردۆغان بەردەوام بێت لە قسە خەیاڵییەکانی دژی ئیسرائیل - کە لە پەیوەندی لەگەڵ واقیعدا دەرچووە - لە چوارچێوەی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیادا، نەک هەوڵی تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی بدات.