دوای چەند ڕۆژێک لە گرژیی توندی مەیدانی و سیاسی لەنێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، گوتاری فەرمیی ئیسرائیل پاشەکشەیەکی بەرچاوی لە ئاستی هەڕەشەکانیدا بەرامبەر تورکیا نیشان دا. ئەم گۆڕانکارییە دوای ئەوە هات کە سەرەتا ئیسرائیل بوونی بنکەی سەربازیی تورکیای لە خاکی سووریادا وەک «هێڵی سوور» وەسف کردبوو، بەڵام دواتر جەختی لەوە کردەوە کە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لەگەڵ ئەنقەرە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە.
ئاوێنە: سەرەتای گرژییەکان لە ١٨ی ئاب دەستی پێکرد، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی «ئەبو زوهور» لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا. لایەنی ئیسرائیلی هۆکاری هێرشەکەی بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕینی دۆخی ئەمنی گەڕاندەوە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی باسیان لە نیازی تورکیا دەکرد بۆ فراوانکردنی هەژموونی سەربازی لەو بنکەیەدا.
لە بەرامبەردا، ئەنقەرە بوونی هەر هێز یان شاندێکی سەربازیی لە فڕۆکەخانەکە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ دیمەشق تەنها لە چوارچێوەی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکەدایە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕووداوەکە تەنها وەک هێرشێکی ئاسایی نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێڵە سوورەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەڵکشانی هەڕەشە سیاسییەکان
ڕۆژێک دوای هێرشەکە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاستی پەیامەکانی بەرزکردەوە و ڕایگەیاند تەلئەبیب بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە بوونی سەربازیی تورکیا لە سووریادا ناکات ئەگەر هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل دروست بکات. هاوکات ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش، بە هەمان تۆنی توند لێدوانی دا.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کرد کە هۆشداری دراوەتە سەرکردایەتیی سیاسی سەبارەت بەوەی ئەم هەڵمەتە ڕاگەیاندنە پەیوەندییەکان بەرەو گرژییەکی «ناپێویست» دەبات، بەتایبەت لە کاتێکدا تەلئەبیب پێش ئەنجامدانی هێرشەکە زانیاریی هەواڵگریی لەسەر فڕۆکەخانەکە گەیاندبووە واشنتن و هەوڵی دابوو لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەری بکات.
پەیامەکانی واشنتن و گۆڕانی هاوکێشەکان
ئیدارەی ئەمریکا هەڵوێستێکی جیاوازی بەرامبەر هێرشەکە پێشان دا. تۆم براک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نێردەی تایبەت بۆ کاروباری سووریا و عێراق، ڕایگەیاند کە هێرشەکەی سەر ئەبو زوهور لە ئەنجامی «لێکتێنەگەیشتن یان هەماهەنگیی نادروست» لەنێوان سوپای ئیسرائیل، دەزگای مۆساد و نووسینگەی سەرۆکوەزیران ڕوویداوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ڕەنگە سەرۆکی مۆساد لە پەیوەندییەکی نهێنیدا بووبێت کە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام فەرماندەیەکی مەیدانی بەپەلە بڕیاری بۆردومانکردنی ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکەی دابێت.
هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا لە لێدوانێکی دیکەدا ڕەخنەی لە کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان گرت و بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی وەسف کرد. ئەم لێدوانانە و جموجۆڵە دیپلۆماسییە نەرمەکانی واشنتن لە کاتێکی هەستیاردا هاتن و وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکان لەقەڵەم دران.
پاشەکشەی تەلئەبیب لە وتاری توند
بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، تەلئەبیب درکی بەوە کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نایەوێت بەرەیەکی نوێی ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا بکرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: «ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا نییە»، هاوکات دانی بەوەدانا کە تورکیا ساڵانێکە لە باکووری سووریادا بوونی هەیە.
هاوکات باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەدا ناگەڕێت، و کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلیش لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە گواستییەوە کە «دوایین شت پێویستمان پێی بێت، جەنگێکی کراوەیە لەگەڵ تورکیا، چونکە بەسەربەخۆیی بەرەی پێویستمان لە ناوچەکەدا کراوەیە». بەم شێوەیە، تێچووی قورسی بەریەککەوتن لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆی وەک تورکیا و پێگەی ناوچەیی ئەنقەرە، وای لە ئیسرائیل کرد هەنگاوێک بەرەو پاشەوە بنێت.