بۆ یەکەم جار لە مێژوودا: هاککەرانی سەر بە ئێران وێستگەیەکی کارەبایان لە بەریتانیا پەکخست
  2026-08-23       63       

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «تلگراف»، لە ڕووداوێکی بێوێنەدا کە نیگەرانیی قووڵی لێکەوتووەتەوە، گرووپە هاککەرە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە توانیویانە وێستگەیەکی بچووکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بریتانیا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە کار بخەن. ئەم هێرشە، کە بە یەکەمین حاڵەتی لەو جۆرە لەناو خاکی بەریتانیا دادەنرێت، هاوکات بووە لەگەڵ زنجیرەیەک پەلاماری ئەلکترۆنی  هاوشێوە دژی ژێرخانی ئاو لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی تری ئەوروپی، کە پرسی ئامادەیی دامەزراوە هەستیارەکانی ڕۆژئاوای خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دامەزراوە بە ئامانجکراوەکە وێستگەیەکی بچووک بووە کە بە گاز کار دەکات و تەنها لە کاتی پێویستیی لەپڕ یان کەمیی وزەی با دەکەوێتە کار. لەبەر ئەم هۆکارە، پەککەوتنی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی خێرا و بەرفراوانی لەسەر تۆڕی سەرەکیی دابینکردنی کارەبای بریتانیا نەبووە و مەترسیی راستەقینەی بۆ سەر هاوڵاتییان دروست نەکردووە.

سەرەڕای بچووکیی قەبارەی وێستگەکە، حکومەتی بەریتانیا دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر؛ بە شێوەیەک بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی کارەبا لە ڕووداوەکە ئاگادار کرانەوە و ڕێنمایی و راسپاردەی توند بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەلکترۆنی  بۆ ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە نێردران. لە لایەکی تریشەوە، حکومەتی بەریتانیا جەخت دەکاتەوە کە سیستمی وزەی وڵات خاوەنی  خۆڕاگریی بەرزە و هێچ کاتێک سیستمی گشتی نەکەوتووەتە مەترسییەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا پێشتر هۆشدارییان دابوو لە بەرزبوونەوەی مەترسیی هاککەرانی سەر بە وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور، کە بە بەردەوامی ژێرخانە گرنگەکان دەپێکێن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تاران لە دوای پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشە ئەلکترۆنییەکانی بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا چڕتر کردووەتەوە؛ بە جۆرێک جگە لە بەریتانیا، چالاکیی هاوشێوە لە وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا، فینلاند، بەلجیکا و ئەلبانیاش تۆمار کراون.

شارەزایانی بواری ئەمنی و لیژنەی هەواڵگری و ئاسایشی پەرلەمانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن کە شەڕی ئەلکترۆنی  بۆ ئێران بوارێکی گرنگە بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی ناهاوسەنگ (Asymmetric Power). پێشتر مەزنەزانیی فەرمیی نووسینگەی کابینەی بەریتانیا ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی سایبریی مەترسیدار و سەرکەوتوو دژی ژێرخانی ناوخۆیی بە ڕێژەی نێوان ٥ بۆ ٢٥٪ خەمڵاندبوو، هاوکات هۆشداریشی داوە کە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت خێرایی و کاریگەریی ئەم هێرشانە زیاتر بکات و بەربەستەکانی بەردەم هاککەران کەمتر بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پێداگری لەسەر سەلامەتیی گشتیی تۆڕی کارەبا دەکەن، بەڵام پسپۆڕان پێشنیار دەکەن کە دامەزراوە و کۆمپانیاکان دەبێت هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ سیستمی پاراستنی خۆیان بکەن. لە کاتێکدا لایەنە فەرمییەکان خۆیان لە لێدوانی ڕاستەوخۆ لەسەر وێستگە دیاریکراوەکە دەبوێرن، بەڵام ئەم ڕووداوە وەک تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە و هۆشدارییەک بۆ دەزگاکانی پاراستنی ئاسایشی بریتانیا سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی داهاتووی مەترسییەکان لەسەر کەرتی وزە و ژێرخانە هەستیارەکانی تر بگرن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×