تاران و عومان لەسەر پاککرنەوەی مین لە گەرووی هورمز و دروستکردنی رێڕەوێکی دەریای نوێ رێککەوتن، ئەمە دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی مەسقەت بە سەردانێکی فەرمی لە تارانە و لەگەڵ عەباس عێرقچی کۆبوونەتەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ تاران و عومان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند "سەید بەدر بن حەمەد ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ تاران، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، زنجیرەیەک گفتوگۆی بنیاتنەریان ئەنجام دا".
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە لەبارەی ئاسایشی گەشتیاریی دەریایی بووە و تیایدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی گەشتی دەریایی ئارام و پارێزراو لە گەرووی هورمز کردەوە، بەشێوەیەک کە سەروەریی خاک و مافە یاساییەکانی هەردوو وڵات پارێزراو بێت.
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات تاوتوێی چوارچێوەیەکی "قۆناغبەندییان" کرد بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتە کارەساتبارەکانی جەنگی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەی مەسقەت و تاران، دروستکردنی ڕێڕەوی دەریایی و پاککردنەوەی مین بووە و لە بەیاننامەکەدا هاتووە "نەخشەڕێگا پێشنیارکراوەکە بریتییە لە دروستکردنی "ڕێڕەوێکی دەریایی هاوبەش و کاتی" لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە". هەروەها هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بە مەبەستی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە "مین".
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هاوکارییە تەکنیکی و ئەمنییەکانە و بڕیار دراوە دانوستانە تەکنیکییەکان لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەسەر:
- بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووەکە.
- دروستکردنی کارێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان.
- بەڕێوەبردنی ترافیکی دەریایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.
کۆتا تەوەرەش لەسەر دیالۆگی ناوچەیی بووە و تاران و مەسقەت جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە و کەناراوەکانی کەنداو کردووەتەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوەش داوە کە پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێز لێ بگیرێن و مافی سەروەریی وڵاتانی کەناراو بە تەواوی بپارێزرێت.
