یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی "تا ئەو کاتەی هەڕەشە مابێت" لە ناوچەی جەبەل شێخ (کێوی هێرمۆن) و ناوچە ئەمنییەکەی ناو خاکی سوریا دەمێننەوە.
ئاوێنە: وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتی بەسەرکردنەوەی ناوچە دابڕێنەرە ئەمنییەکەی (ناوچەی حایل) سەر سنووری سوریا و لوبنان وتی "پەیامی ئێمە بۆ سەرۆککۆماری سوریا ڕوونە؛ کاتێک بەیانیان لە کۆشکی دیمەشق لە خەو هەڵدەستیت و دەڕوانیتە کێوی هێرمۆن و سوپای ئیسرائیل دەبینیت، بزانە کە ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بەرگری لە کۆمەڵگە و سنوورەکانمان بکەین".
شایەنی باسە، سوپای ئیسرائیل کۆتایی ساڵی ڕابردوو کۆنترۆڵی ناوچە دابڕێنەرە ئەمنییەکەی گرتە دەست، حکومەتی دیمەشقیش ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٤ی نێوان هەردوو وڵات لەقەڵەم دا. هەروەها لوتکەی کێوی شێخ (هێرمۆن) بە بەرزترین لوتکەی چیا لە دیمەشق دادەنرێت.