حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، رایگه‌یاند، ئێران لەگەڵ عومان له‌باره‌ی گه‌روی هورمز گەیشتوەتە چه‌ند ئه‌نجامێک کە "جێی رەزامەندیی هەردولایە"، به‌ڵام ئەمریکا بۆته كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌یشتنیان به رێككه‌وتن.
ئاوێنه: حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، به میدیای وڵاته‌كه‌ی وت "ئێمە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ عومان چوینەتە ناو دانوستاندنەوە و گەیشتوینەتە چه‌ند ئه‌نجامێک کە جێی ره‌زامه‌ندیی هەردولایە."
به‌قسه‌ی موحیبی "ئەمریکا لەم ڕێگەیەدا ئاستەنگ دروست دەکات و هەر ئەم بابەتەش بوەتە هۆی دواکەوتنی ره‌وتی کارەکان."
وتەبێژی سوپای پاسداران وتیشی: "ئەگەر ئەمریکا دەست لە دروستكردنی ئاسته‌نگ هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە سەر لێکتێگەیشتننامەکە، دەتوانین لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئیمزاكراوه‌كه‌دا، گەروی هورمز بکەینەوە، بۆیە ده‌بێت مەرجەکانی ئێمە لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵ بکرێن."
ئەو سەبارەت بە ڕێککەوتن لەگەڵ عومان وتیشی "سەبارەت بە ڕێژەی پشکی هەر یەک لە دو وڵاتەکە لە ئاوەکانی گەروی هورمز و پشکی ئێران و عومان لە داهاتەکانی، ڕێککەوتن کراوە."
دوابه‌دوای ئه‌و لێدوانه، سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئێران به رۆیته‌رزی وتوه، "هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عومان له‌باره‌ی گه‌روی هورمز." وتوشیه‌تی، دانوستانه‌كان به‌رده‌وامن له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتن.