لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ توندکردنەوەی مەرجەکانی کۆچبەران بەرەو ئەمریکا، واشنتن وادەی چاوپێکەوتنەکانی ڤیزای کۆچبەری لە سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە جیهاندا دواخست؛ هەنگاوێک کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە و لەناوخۆی وڵاتەکەش بەربەستی یاسایی بۆ دروست بووە.
ئاوێنە: لە درێژەی سیاسەتە توندەکانی کابینەی دۆناڵد ترامپ لەبارەی پرسی کۆچبەری، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری دا چاوپێکەوتن و وادەی پێدانی ڤیزاکانی کۆچبەری لە سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی سەر بە وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت یان دوایان بخات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وەزارەتەکەیان دەستی بە بەرنامەیەکی مەشق و ڕاهێنانی جیهانی بۆ ستافی کونسوڵگەرییەکان کردووە لە تەواوی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، هەر بۆیە خشتەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڤیزا دەستکاری دەکرێت تا دەرفەت بە فەرمانبەران بدرێت بەشداری لەو خولانەدا بکەن. وەزارەتی دەرەوە هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ ماوەی ئەم خولانە یان کاتی دەستپێکردنەوەی ئاسایی چاوپێکەوتنەکان ئاشکرا نەکردووە.
ئامانجی ڕاگەیەندراو لەم خولی ڕاهێنانە، داڕشتنی میکانیزمێکی "گشتگیر و یەکگرتوو"ـە بۆ هەڵسەنگاندنی داواکاران، بە تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی پێدەچێت لە دوای چوونە ناو خاکی ئەمریکاوە ببنە بارگرانی بەسەر هاوکاری و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ژمارەیەک لەو کەسانەی پێشتر کاتی چاوپێکەوتنیان وەرگرتبوو، پەیامی ئیمەیڵیان پێگەیشتووە کە ئاگاداریان دەکاتەوە وادەکانیان دواخراوە و لە کاتێکی تردا بەرواری نوێیان پێدەدرێت.
ئەم هەنگاوە نوێیە بەشێکە لە هەڵمەتی فراوانتری ئیدارەی ترامپ بۆ سنووردارکردن و سەختکردنی پڕۆسەی کۆچبەران بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان. جگە لە زیادکردنی هەڵمەتی دەرکردنی کۆچبەرانی بێبەڵگەنامە، ئیدارەکە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە ڤیزاکان و گرین کاردەکان، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان، و سەپاندنی سنوورداری بەسەر کۆچی یاساییدا داوە، لەوانەش بەرزکردنەوەی بەرچاوی تێچووی هەندێک لە ڤیزاکانی کارکردن. ترامپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارانە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆی وڵات پێویستن.
هاوکات، بەشێک لەم سیاسەتانە لە ناوخۆی ئەمریکادا تووشی ئاستەنگی یاسایی بوونەتەوە؛ ڕۆژی هەینی دادوەرێکی فیدراڵی بڕیاری هەڵپەساردنی پێدانی ڤیزای کۆچبەری بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵاتی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی تێپەڕیوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنە لەم هەنگاوانە دەگرن و بە ڕێکاری "جیاکارییانە" و پێشێلکاری بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە وەسفی دەکەن. لە بەرامبەردا، ئیدارەی ترامپ سەرجەم ئەم ڕەخنانە ڕەت دەکاتەوە و توندکردنەوەی سنوور و مەرجەکانی کۆچبەری وەک ستراتیژێکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەبینێت.