وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئیدانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ گۆشه‌گیركردنی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و به "تیرۆریزمی ئابوریی" ناوی ده‌بات و ده‌شڵێت، ئه‌ركی سەرجەم وڵاتانه خۆیان له جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا به‌دوربگرن.
ئاوێنه: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكای بۆ گۆشه‌گیركردنی ئابوریی وڵاته‌كه‌ی كردوه‌و وه‌كو "تیرۆریزمی ئابوریی" ئه‌مریكا ناوی بردوه.
وه‌زاره‌ته‌كه وتویه‌تی "بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی سزا تاكلایه‌نه‌كانی ئەمریکا دژ بە ئێران، بە واتای دەستتێکەڵکردن دێت لە سەپاندنی ئیرادەی نەیاسایی دەوڵەتێک بەسەر دەوڵەتە سەربەخۆکانداو دروستکردنی ئاستەنگه بۆ پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییە ڕەواکانیان، هەروەها ئەم بابەتە بە واتای بەشداریکردن دێت لە تێکدانی گرنگترین بنەمای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ڕێزگرتنە لە یەکسانیی سەروەریی وڵاتان."
به‌قسه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سزاکانی ئەمریکا "تەواو نەیاسایی و بێ پاساون" و "پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "لەسەر ئەم بنەمایە، ئه‌ركی سەرجەم وڵاتانه خۆیان به‌دوربگرن لە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایانە. هەروەها هەمو حکومەتەکان له‌سه‌ریانه خۆیان به‌دوریش بگرن له ئاشكراكردن و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخ و كاریگه‌رییانه‌ی كه له‌م هه‌نگاوه نایاساییه‌وه ده‌كه‌ونه‌وه."
راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئه‌مریكای بۆ گۆشەگیرکردنی ئابوریی ئێرانی بە پێشێلکردنی "بنەمای قەدەغەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و بنەمای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پەکخستنێک لە هاوکاریی نێوان وڵاتان"دا ناوبردوه.