عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەندێک لایەن لەناو حکومەتی ئەمریکادا هەوڵ دەدەن لەڕێگەی میدیاکانەوە کاریگەری بخەنە سەر بازاڕەکانی وزە و نرخەکان.
ئاوێنە: عەباس عێراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی "زانیارییەکانی ئێمە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵێکی بەرفراوان بۆ دەستکاریکردنی بازاڕەکانی وزە لە ئارادایە".
وتوشیەتی "هەندێک لایەن لەناو حکومەتی ئەمریکا بۆ 'بەرژەوەندیی کەسی' میدیاکان بەکاردەهێنن تا کاریگەری لەسەر نرخەکان دابنێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەو لایەنانە "هاوسۆزی ئیسرائیلن" و هەوڵدەدەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە جەنگێکدا بهێڵنەوە کە بە وتەی عێراقچی "خەریکە تێیدا دەدۆڕێن".
لێدوانەکەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسیان لە زیادبوونی هەناردەی نەوت لە کەنداو و باشتربوونی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کردووە.