درێغ بۆ ئەو زەمانە
  2026-09-01     

هێمن عەبدولقادر

 

جاران ئەگەر لە کۆڵان مامۆستایەکی خۆتت بدیایە حەوت کۆڵان لەشەرم و رێزدا هەڵئەهاتی ، ئێستا لە فەیس بووک پێکەوە خەریکی شەڕە کۆمێنتن، جاران ڕەئیس عورەفایەکی چوار خەت بە بڕنەوێکەوە یانزە کەسی پێش خۆی ئەیا بۆ مەخفەر ، ئێستا کۆڵێک داڵ و نەجمە بەسەر شانتەوەیە لە سەیتەرەکە ئەڵێ بۆ کوێ ئەچىت.

.......................................

جاران ئەیانووت (مەلاش هەڵە ئەکات) چونکە بەس لە حوجەرەیا خەڵک فێری خوێنەواری ئەبوو ، ئێستا شار و قەزاو ناحیە نیە سێ جوار کۆلێژی تیا نەبێت و ماڵ نیە سێ چوار ماستەر و دکتۆرای نەهێنابێت ، کەچی هەڵەکانمان ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر ئەبێت.

...................................................

جاران خەڵک لەپشتی کەنووی ئارد و لە هەورەبان و لەتەنیش ساج و پەرەمێز و لەناو زەرعات و دەغڵ و دانا مەوعیدی دا ئەنا عومرێک پێکەوە ئەژیان ، ئێستا لە ئەنطالیا و لە کافتریا و لە ئوتێلی پێج ئەستێرەیی ژوان ئەبەستن کەچی دوای چەند مانگێک پێکەوە ئیدارە ناکەن.

............................................

جاران کە ئەچووی بۆ داوای ژن ئەیان ووت با پرسێکی خاڵ و مامەکانی بکەین دوایی جوابتان لێئەگێڕینەوە ، ئێستا کە ئەچیت بۆ داوای ژن ئەڵێن مادام خۆیان هەموو شتێکیان براندۆتەوە ئێمە قسەیەکمان نیە.

..................................................

جاران ئەگەر لە قوتابخانە سفرێکت تیابوایە ئەبوویت بە (دەرگای حەوشە) هەرچی هەڵئەسا لێی ئەیایت ، ئێستا سێ سفرت بۆ ئەهێنێتەوە کەچی توێژەری کۆمەڵایەتی ئەڵێ قەینا با هەست بە نەقس نەکات (ئێکس بۆکس)ێکی بۆ بکڕە.

.................................................

جاران سێ ژمارەت لە گۆڤارێک دەر کردایە ، پەنجا ساڵ ناوت ئەمایەوە ، ئێستا ساڵی دوسێ کتێب دەر ئەکەیت کەچی کەس نات ناسێت.

.................................................

جاران ئەبوایە تەکلیفت لە هەرچی سەر نووسەر و خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوبەری نوسین هەیە بکردایە تا وتارێکیان لە رۆژنامەیەک بۆ بڵاو ئەکردیتەوە مانگی وتارێکت بەر نەئەکەوت بەڵام کە ووتارەکەیان بۆ بڵاو ئەکردیتەوە شوێنی خۆی ئەگرت ، ئێستا هەر لە فەیس بووک بپژمە دەیان سایت و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن بابەتەکانت بڵاو ئەکەنەوە ، وەلێ هیچ شوێنێک ناگرێ.

...............................................

جاران ئەگەر لە تەلەفزیۆن دەرکەوتیتایە شتێکی زۆر موهیم بوو ، ئێستا ڕۆژانە تەکلیفیشت لێ ئەکەن کەچی هەر جارە و بە بیانوویەک خۆمان ئەدزینەوە.

............

جاران کە ژنت ئەگواستەوە بەڕازیلیەکی ئاوێنە عادی ، جام سەرچۆپی ، بێ مواسەفاتی قەیتانی مۆدێل ٨٧ ی بێ تەبریدت دەستکەوتایە ئەبوایە مانگێک سەرەت بۆ بگرتایە ، ئێستا ریزێک لێکزس و وەنەوشە و رەینج رۆڤەری ئۆتۆ پارکی تەبرید مەرکەزی فوول مواسەفاتی راگرتووە ، کەچی بە ئەسپ و عەرەبانە ژن ئەگوازرێتەوە ، (وا تێک چووە هێز نیە چاکی بکات).

.................................

جاران مانگی جارێک کە ئەچووی بۆ ماڵی باوکت یان ماڵی خەزوورت ، گوێنیەک جلت لەگەڵ خۆت ئەبرد ئەووت برا کانتۆرەکەتان فرۆشتووە یان بێشکەیەک و دەستراسە و دوو بلوێر و هەنێک خەیار چەمەر و تەرمۆزەیەکت ئەخستە سەر چەمچەی تەکسیەک و لە پێشەوە قۆڵت دەر ئەهێنا ئەووت برا بۆ دوورگەکانی مەیامی ئەچیت ئەوەنە دڵت خۆش بوو ، ئێستا کە ئەچی بۆ ماڵی باوکت ، پاوەر بانکێک و شۆرتێک و خەتێکی فاست لینک لە گیرفانتایە سەلام ئەکەی کەس تاقەتی نیە جوابیشت باتەوە.

....................................

جاران خەڵک جەژنانو بۆنەکاندا بە یانی زوو کە هەڵئەستا ماینەکەی یان ئەسپەکەی زین ئەکرد و مشکی و جامانەیەکی تێکەڵ ئەکرد و تاپڕ یان بڕنەوەکەی ئەکرد بەشانیا تێی ئەچریکان لەو کانی و ئاوە و بەدەم (کیژان دەچنە مێرگۆڵان)ی حەسەن زیرەکەوە ، وەک ئەڵێن بەهاری تا ئەژنۆ ئەهێنا ، ئێستا بەیانی ڕۆژ نەبۆتەوە تەرەقە و قومبەلەی صینی مێشکت ئەبا ، گەڕەک هەیە ئەڵێی (سيراليون)ە.

.............................................

جاران زەلامێکت دەست کەوتایە ناوکی بهێنایەتەوە یان شکاوی لەگەچ بگرتایە ، یان شریقەیەکی لێبایتایە هەموو خەڵک پێیان ئەووت دکتۆر ، ئێستا کابرا بۆردی لە ئەڵمانیا یان کەنەدا هێناوە لە پزیشکیدا کەچی پێی ئەڵێن (ئوستاز).

شێخ رەزا ووتەنی ؛-

درێغ بۆ ئەو زەمانە ، ئەو ڕۆژە ، ئەو عەسرە

کە مەیدانی جرید بازی لە دەوری کانی ئاسکان بوو

نوقتە سەری دێڕ .....

.................................................................................

*تێبینی (هەموو سەردەمێک باش و خراپی ، جوانی و ناشیرینی خۆی هەیە، باسی فەزیلەتی سەردەم نییە هەر ئەوەندەی حەسرەتی نەوەیەکی بەجێ ماوە کە ئێمەین)

*جاران یەک مۆز بە پێنج دينار بوو ئێستا لە ئیکوادۆر و ئەمریکای لاتینەوە کۆنتێنەرێک مۆز بەسەرچوار قارەیا ئەگاتە ئێرە کەچی هەشت دانەی بە هەزار دینارە،، جاران ته نانه ت مۆزیش هه يبه تى خۆی هه بوو.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی توركیا: سوپای توركیا ناچێته‌ هیچ پێكدادانێك له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن
د. مەحمود عوسمان باس لەوەرگرتنی سێ ملیۆن دیناری حزبی بەعس بۆ بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست دەکات
"شه‌پۆلێكی باران بارین رو له‌ هه‌رێم ده‌كات و كه‌شی زستانه‌ ده‌ستپێده‌كات"
سه‌عدی پیره‌:‌ شه‌راكه‌تێكی گوماناوی ناتوانێت كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات
بەغدا لەبەردەم ئەگەری خۆپێشانداندا؛ سەرجەم هێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی «ئامادەباشی ج»ـەوە
ئیكۆ عێراق: داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 37 ملیار دۆلار بوه‌
ئه‌مریكا داوا له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات گه‌شتی عێراق نه‌كه‌ن: مه‌ترسی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان
هێمن هه‌ورامی: ره‌شنوسی بودجه‌ی عێراق خراپترینه‌ و بۆ سزادانی هه‌رێمی كوردستانه‌
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین دەبێت هەمومان ببین بە كاتبی وەزارەتی دارایی عێراق
سوپاسالاری ئێران: رێگه‌ناده‌ین كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی كه‌نداو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×