نامۆ سامان - ستۆکهۆڵم
لە خوێندنەوەی رۆمانی بانگی ئازادیی بەرێزتان بوومەوە، ئەو کتێبک نەبوو هەروا ئاسان لەدووی تەوابوونی ئیتر لێی قوترابیت بەڵکو دەتخاتە نێو دونیایەک تێرامان، وەک باران هەموو گوناحەکانت رادەماڵێت، بەڵام ئایا ئێمە هەر ئاوئاسا بەخوێندنەوەی رۆمانەکە پاک دەبینەوە لە گوناحەکانمان یاخود وەک مەسیح بەزیندوویەتی لەخاچمان دەدات؟. هەندێکجار ئازادی لە لوولەی تفەنگەکانەوە دەنگ ناداتەوە بەڵکو لە هزرماندا دادەگیرسێت، تفەنگ بۆ جەنگ و هزریش بۆ شوناس و مانەوە! ئێمە کە خولیای ئازادین ئەی بۆچی هەمیشە دەبینە کۆت و زنجیرەکانی کۆچ؟ ئێمە کە نیشتیمانی خۆمان هەیە بۆخۆمان داوەتە بەرقەدەری کۆچەوە؟
مرۆڤ کە بستێ خاکی نەبوو بۆ ژیان ئیتر دەبێت فرین فەرامۆشکات
ئەستێرەکان گەشتی ئایندەی ئەو نین
خواو ئاسمان و ئەستێرەکان نابنە هەوری سەری ئەو
من کە "نیشتیمانی سارا"م خوێندەوە شۆک بووم کە دەستیشمکرد بەخوێندەوەی "خانەقای میرزا" ئیتر هیچم پێنەما بۆ گووتن...شەوگەراکان ڕۆمانێک بوو دەبوایە هەرزوو بمخوێنایەتەوە، ئێستایش خۆمم لەبانگی ئازادیدا گوومکردووە تیگەیشتنم لەخۆمدا هەڵگرتووە.. هەروەکو بابایەک سەر بەهەر شوێنکدا دەکەم داوای پێناسەکەم لێدەکەن... مرۆڤ کە گوومبوو ئیتر دەسترازەکەی دایکی بەدەستە بچوکەکانیەوە نابینێتەوە! ئەوە من بووم دەستە بچکۆلانەکانم لەدەسترازەی دایکم لەنێو ئاپورەی خواو خەڵکدا لێکترازاندو دابراین و ئیتر بۆ هەتاهەتایە گوومبووم!..دەبوایە کۆچ خاڵی دەستپێکردنمان بووایە نەک گوومبوون!..ئەوە ئێمەی کوردین کۆچمان لەخۆماندا هەڵگرتووە..تاکی کورد هەمیشە دەستی بەقەیتانی پێڵاوەکانیەوەتی بۆ راکردن،،،نەیشمانتوانی کوخێک هەڵدەین بۆ ژیان نەوەک شارێک بێت بۆ مردن!
{بەهێ فەرەجوڵڵا لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا دەنوسێت : ئەگەر رۆژێک ڕیبوارێک لەو شارەوە تێپەری، پیاوێک بەوێنەی حەکیم و پەیامبەر بەوێنەی روناکی پێغەمبەران و بانگی ئازادی لەهەگبەکەیدا هەڵگرتبوو بەڵام جەخار و سەد ئەفسوف درکتان پێنەکرد.}
ئەوە ئێمەین بەدرێژایی مێژووی تەمەنمان خۆمان تەکاندووە لە کەسە باشەکان و وەک موگناتیس هەرچی چەواشەیشە لەخۆمان کۆکردۆتەوە! ئەوێ شارێکە، شار! لەوەتەی هەیە هەم قوربانی و هەم جەلاد بووە! ئەوێ شارێکە کۆچی لەهەگبەیا هەڵگرتووە، ئەوێ شارێکە عاشقەکان هەمیشە دڵیان شكاوە و نالی ئاسا کۆچیانکردووە! ئەوێ شارێکە زیدەی لەدایکبوونی زۆربەمانی لەهەگبەی کۆچدا هەڵگرتووە! ئەوێ شارێکە پر لە یادەوەرێکانمان پر لە پێکەنینی گەدایی و دڵەی پر لەکۆچمان بایتر ئەوێ شارێک بێت تاکو پەنجەکانمان بە خاک ئاشناکاتەوە توند توند بمانسوێنێتە بەخۆیەوە بەزیندووی لە باوەشمان بگرێت، لە ئامێزمان بگرێت، بەئازیزانمان ئاشکاتەوە، بائیتر ئەوێ کۆچ چەقی شار بێت ئاو بمانبات و خاک بمانگرێتەوە.
لەوەتەی هەین کۆچ دەکەین کەچی هەرگیز نەمانتوانی پەرستگایەک لەخۆماندا دروستکەین! ئێستاکەیش بەم هەموو کۆچ و ئەنفال و راکە راکەوە چۆندەتوانم ئارام ببمەوە! چۆندەتوانیت پارچەکانی مەنفاو تاراوگە کۆکەیتەوە لە میلوانکەیەکدا بهۆنینەوە بیخەینە ملی نیشتیمانی دایکمانەوە! منێک دەستە بچکۆلانەکەم لە دەسترازەکەی دایکم ترازاوە بەپێپەتی بەدووی دایکم و نیشتیماندا راکە راکەمە! کەس نامبینێ، بەگەنجی پیربووین و کۆڵانەکانی مناڵیمان نامانناسێتەوە و قەیرە کچێکیش نییە چەمۆڵەمان تێگرێت و پێمان بڵێت: ئیسکت مرێ! ئەوە خۆت دایک و خۆشکت نییە؟! مرۆڤ کە نیشتیمانی نەبوو ئیتر دایکو خوشکی لەکوێبوو؟ لەوێ ژن چرایەکی بەدەستەوەیە دەیەوێت رابەرایەتیمان بکات نەک بەدیار ئاوێنەکانی تەمەنییەوە قەیرەبوونی خۆی بهۆنێتەوە، لەوێ ژنێک هەیە، چرایەک هەیە، غەربێکیش وەغر وەغر بەکۆڵانەکانی کۆچماندا تێدەپەرێت.
هێندە بچوکبوومەتەوە خەریکە دەکەومە وەهمی خۆمەوە دەڵێم بڵێیت خەون بێت! دەوڵەتەکەمان بووە خەونی شاعیرانەو ئێستاکەیش واخەریکە خۆیشـم دەبم بەخەون! کەچی پێکانم مێخەک کوتراو و لەشەختەی تەزیینی پەنجەکانم بەئاگانایەم،،ئای چەند بچۆکۆلانەم تەناتەن باڵندەکانی کۆچیش نابینم و لەگەڵ خۆیاندا بمفرێنن بۆ هێلانەی بێچوەکانیان،،وەک کرمێکی زۆر بچوک تەنانەت نابمە ژەمی باڵندەیەکیش هەردەبیت هەرڕۆژەی پارچەیەک لەگیانم جودابێتەوە و ئازار لەجەستەمدا لەخاچ درابێت! وەک مەسیح لەنێو ئاپورەی کۆچ و خوای خۆمدا هەڵمواسن! ئازارەکانم یەک بە یەک لەخاچ بدەن! من لەسەرپشتی ئەم مێژووە قەمورەدا لەسوتماکی کۆچی خۆمدا خەریکی کۆکردنەوە پرژەی رژاومانم، خەریکی پەرینەوەم لەپردی ئازادی و کەچی هەرپێناگەم! هێندە ئازار دراووم دەبوایە دڕندە دەرچومایە نەک مرۆڤ! ئیتر تادوا هەناسەم لە کوردبوونم پەشیمان نیم! ئەز کوردم، کورد! تاکو ئەودیوو شمشێری پاسەوانەکانی خوایش هەر کورد دەبم و کورد! ئەز کوردم ، کورد! دەبوایە ئێستاکە من دێوێکی دڵ رەق و بکوژێک بوومایە بەڵام عەجەم تاکو ئێتساکەیش لەسەر پێکانی خۆم وەستاوم!. دووژمنانی کورد دەیەوێت بیرەوەرییەکان لە هزرو یادی تاکی کوردا بسرنەوە! مرۆڤیش بریتیە لەیادەوەری بێ یادەوەری ئیتر تۆ مرۆڤایەتیت دەچێتە ژێر پرسیارەوە! ئەوە ئێمەی کوردین واخەریکە بیرەوەرێکانمان هێدی هێدی کاڵدەبێتەوە ئیتر خۆمان وەک دووپێکەی جاران نابینینەوەو بەرەو خانەی لەوەرگامان ڕاپێچدەکەن!.. بانگی ئازادی دەیەوێت پیش لەوەرگامان لێبگرێت و پرمانکاتەوە لەیادەوری ئیتر کۆچ خاڵی کۆتاییمان نەبێت بەڵکو سەرەتایەک بێت بۆ مانەوە!.
بانگی ئازادی رۆمانێک نییە تەنها بۆ خوێندنەوە بەڵکو رۆمانێکە کە هزرمان دەبیت ئیتر هەڵوێستێک و ئیسکێک بکات، وێستگەیەک بێت بۆ تێگەیشتن نەوەکو بۆ رامان و هەڵهاتن دەبێت هزرمان لەهەوڵی گەرانەوەی ساراکان بێت بۆ نیشتیمانی دایک ئیتر بەئاسودیی بژین و ئارامییەک بێت بۆ داهاتووی نەوەکانمان نەوەکو میراتییەک بێت بۆ هەڵهاتن! نەوە دوای نەوە خووی بەهەڵهاتنەوە بگرێت...
هیچ ڕێسایەک نییە کە بڵێت دەبێت رۆمان ئائاوابێت و ئاوا بنوسرێت بەڵام رۆمان بنەمای خۆی هەیە، خۆی بەمیتۆدی کەسەکانەوە گرتووە کە دەبێت هەمیشە کەسێکێت هەبێت خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەدا هەستی پێکات و بیبینێت کە ئەوە کەسی یەکەمی نێو رۆمانەکەیە، بیرۆکەیەک ئینجا تەزبیح ئاسا هەموو وێنەکان دەنک دەنک لەدووی یەک دەچنێتەوە. لە لای میران هەم کەسایتێکە هەیە هەم بیرۆکەکەیش هەمیشەیش دەمانگەیەنێت خاڵی تێروانین، کەسەکان لەبانگی ئازادیدا و خوێنەر لەکاتی ڕاڤەکردنیدا هەست بەگیان و هزریان دەکات وەک ئەوەی هاورێ دێرینی یەکتری بن لەپڕدا خۆیانکردبێت بەهەیوانی چاوەروانی خوێنەردا،پردێک دروست دەکات بۆ دیبەیت و قسەکردن و راڤەکردن........نوسین لە ئەدەبی رۆماندا تەنها گێرانەوە نیە ئەگینا دەچێتە خانەی چیرۆکەوە دەبێت هونەری شێوازی گێرانەوە زۆر جیاوازبێت تاکو خوێنەر بێتاقەت نەکات و تاکو بەردەوام بێت لەخوێندنەوەی تاکو دێری کۆتایی!. زۆربەیجار لەئەدەبی رۆماندا کەسەکان خەیاڵین یاخود دروستکراوی هزری نوسەرن، بەڵام لەبانگی ئازادیدا کەسەکان ئاشنان! ئاشنا بەهزرو بیرەوەرێکانمان هەربۆیە جوانی ئەو رۆمانە لەوەدایە کە نوسەر لەهەوڵی ئەوەدایە کە بیرەوەرێکانمان نەسرێتەوە لە هزر و یادماندا.
میران وەک سوێسکەیەک دێت و دەچێ پیاوێکی بچکۆلانەو ڕۆحێک هێندە گەورە لە بۆکسی هزری ئەودا پڕە لە داتاکانی بوون! ئەو وەک سوێسکەیەک دهێت و دەچێت بەڵام چاوەکانی ئەو تیژ هەڵۆ ئاسا دەروانێت، چنگی لە باز دەچێت کە لەگۆشت و ڕۆح و هەستمان گیربوو ئیتر ئێمە بارگاوی دەبین بەهزری ئەو کە بوونە! بوون لەلای میران تەنها ئەوە نییە کە من {هەم} بەڵکو چمکێکە بۆ دروستبوون لەڕابردووە بەدیدەی نیشتیمانەوە، مرۆڤ کە نیشتیمانی نەبوو بوونیشی نابێت رابردویشی هیچ راڤەیەک نادەن بەداهاتوو!
بوون یەکێکە لەهەرە پرسیارە کۆن و قوڵەکانی فەلسەفە ، من هەم، تۆ هەیت، یەکێک لە جوانترین راڤەکانی نێو ڕۆمانی بانگی ئازادی ئەوەیە کە بەگەشتێک ...... دەست پێدەکات و ئیتر سەرقاڵمان دەکات بە خۆیەوە کە خودە بەتێروانی من! مرۆڤ بەدرێژایی بوونی خوڵقێنەربووە هەوڵیداوە ژیان جوانتر و خۆشترکات،،، مرۆڤ تەنها ئەوەنییە کە ژیان دەکات بەڵکو دەتوانێت ژیانیش بگۆرێت! ئایا ئێمە لەکوێ ئەم گۆرانەداین؟ نیشتیمان چی پەیوەندێکی بەبوونی ئێمەوە هەیە؟ خود یاخود رابردوو چۆن دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ داهاتوو؟ بۆ ئێمە هەمیشە کۆچمانکرد؟ هەرگیز نەمانتوانی لە شوێنکدا نیشتەجێبین کە پێدەڵێن: نیشتیمان یاخود بوون!
ئەگەر بتەوێت پێناسەیەک بۆ مرۆڤ بکەیت لە بواری زانستدا ئەوا مرۆڤ بەپرۆسەیەکی زۆر ئالۆزدا تێدەپەرێت هەروەکو دەمار و خانەکانی مێشک وهوشیار وپەیوەندێکانی لەگەڵ ژینگەدا، بەڵام هەرگیز زانست نەیتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە چمکی بوونە! ئایا بوون ڕۆحیانییە یاخود چۆن لێبگەین؟ ئایا ئێمەی کورد وەک تاک بوونمان لەکوێ بووندایە؟ کە بوونیشمـان هەبوو بۆ نەمانتوانی لەبوون نیشتیمانێ دروستبکەیت تەنها لەپێناوی ئارامبوونی نەوەی داهاتووماندا؟.
چمکی بوون لە ڕۆمانی بانگی ئازادیدا تەنها شوێنێک نییە بەڵکو پرە لە یادەوەریمان، لە زمان، کلتور، خاک، کوردستان ئەو جوگرافیایە کەخودی خوڵقاند، ڕابردویەکە کەداهاتوومان بۆ بنیاتبنێ نەک بیروخێنێت.ئەم پیاوە ئێسک سوکە بچکۆلانەیە دەیەوێت چیمان پێبڵێت؟ زمانی ئەوە لەکوێ بوونی ئێمەدا کەپری داهاتوومانی هەڵداوە؟.
کاتێک فەرەج لەگەڵ یاران کۆچ دەکەن بۆ بەغدادو لەوێ کەس شک نابەن پەنایان بۆیبەرن و بێکەس دەمێنەوە بەڵام لەپردا ئەوەی بۆ دێت کە دەڵێت: تۆ هەمیشە دەتوانیت پشت بەیاران بەستیت بەئێزیدییەک! بەبۆچوونی من ئیتر لێرەوە خود و بوون دەبنە هەوێنی رۆمانەکە هەرلەوێوە بانگی ئازادی خۆیان دەدەن کە بوونە! ئەوان کۆچیانکرد بەڵام بوونیان ڕاستەوخۆ کۆچی نەکرد بەڵکو تەنیا جەستەیان بوو،، ئێمە زۆربەمان لە تاراوگەدا دەژین بەڵام هەرگیز ڕۆحمان لێرە نەبوو بەڵکو هەمیشە لەوێ بووە... خاک! ئا خاک ! ئەو بورکانەی کە هەڵدەقوڵێت لەگیانماندا و ئارام نابێتەوە تاکو هەموو ڕۆحت هەڵنەتەکێنێت... ئێزیدی تەنها ناوێک یاخود وشەیەک نییە بەڵکو خۆناسینیشە، بوونە بوون!
گەرانەوەیەک بۆ خودی بوون! هەربۆیە کۆچ تەنها ترانسپۆرتی جەستەو تاکەکان نیین بەڵکو کۆچ گواستنەوەی یادەوەرێکانیشە، ناسنامەیە وەک کورد،، بوون لەلای میران شوناسە بەڵام لەلای زۆربەی نوسەرانی تر بوون چەمکی فەلسەفێکەی وەردەگرێت و ئیتر بەشانوبانی بووندا دینەخوارەوە هەر لە ساتەرو تاکو ئەوکاتەی تاقەتیان دەچێت باسی دەکەن،،، بەڵام شوناس وەک کورد وەک جوو تارمایەکی جوانە بەسەر رۆمانەکانی نوسەردا. ئەم رۆمانە زۆر جوان نوس و خۆش خوێنەرە لەوە جوانتر خوێندەوەی ئەم رۆمانەیە کە چرایەکی بەدەستەوەیە تاکو شەو تاریکەکان و ڕیگاکانی بەرەو نیشتیمان بمانگەرێنەتەوە کە کوردستانە . یەکمان بۆ نیشتیمان ، نیشتیمانیش بۆ هەموومان.
سوپاس کاک میران ئەبراهامی خۆشەویست بۆ رۆمانەکانت بۆ جوانی نوسینەکانت، بمبەخشە چونکە من هەرگیز وارانەهاتووم لەسەر کتێب و رۆمانەکان بنوسم لە بێ سەوادیم خۆشبە بەرێز. لەکۆتایدا پێشنیاردەکەم کە رۆمانەکانی نوسەر لە قوتابخانەکاند بخوێنرێت تاکو هەوڵبدرێت نیشتیمانێک دروستکەین بۆ ساراکان تاکو نەوەی داهاتوومان بە ئارامی تێیدا ژیانبکەن. دوو کتێب بە بۆچوونی من دەبێت لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بخوێنرێت یەکێکیان بانگی ئازادی و ئەویتریان بیرەوەرێکانی موسا عەنتر تاکو ئێمەی کورد پربین لە بیرەوەری نەک لە بیرچونەوە. زۆربەی رۆمانەکانی میران دەربرین لە کۆچو شوناس دەکات هەم وەک کورد هەم وەک جوو. کۆچو شوناس وەک تارمایەکی خۆڵەمێشی بەڵام بەتروسکایی ئایندەوە، بەپردی پەرینەوەی هزرماندا گووزەر دەکاتو چرایەکی بەدەستەوە تاکو ئایندەمانی پێی ڕوناککەینەوە، تاکو نەوەی داهاتوومان بگەرێنەوە نیشتیمان ساراکان و بەئاسودەی بژین.
جا ئێمە دڵی کێمان بەرووی خۆماندا نەشکاند کێمان لەخۆمان نەتۆران کێمان بەکێمان ئاشناکرد کێمان لەشار دەرنەپەراند کێمان دەستی غەرێبێکمان گرت پێمان گووت: غەریب خۆش هاتی خۆش، کە غەریبیش خۆت بیت، خۆت!.
