وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ماوەی سهپاندنی قەیومی بهسەر گەورەشارەوانیی مێردین و دورخستنەوەی ئەحمەد تورک، سەرۆکی هەڵبژێدراوی گەورەشارەوانییەکەی بۆ دو مانگی دیکە درێژکردەوە.
ئاوێنه: وهزارهتی ناوخۆی توركیا بڕیاریدا تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری سهپێندراوی مێردین وەک قەییوم لە سەرۆکایەتیی گهوره شارەوانی مێردینی باكوری كوردستان لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت.
ئەحمەد تورک کە لە 4ـی تشرینی دووەمی 2024ـدا بەشێوەیەکی کاتی لە سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین دورخرابوەوە و له شوێنهكهی قهیوم سهپێندرا، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی ناوخۆ جارێکی دیکە بۆ ماوەی دوو مانگ بڕیاری دورخستنەوەکەی درێژکرایەوە.
بڕیارهكهی وەزارەتی ناوخۆی توركیا کە دوو مانگ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدایە کە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پرۆسەی چارەسەری، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بانگەوازی بۆ "گهڕانهوهی ئەحمەدەکان بۆ سەرکارەکانیان" کردبو و چاوەڕوان دەکرا ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر ئەرکەکەی.
ئەحمەد تورک، کەسایەتیی سیاسیی دیاری باكوری کوردستان و تورکیا، لە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2024ـدا وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024ـدا بەبیانووی دۆسیەی دادوەری و لێکۆڵینەوەکان، ناوبراوی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە.
ئهوه سێیەم هەڵبژاردنە کە ئەحمەد تورک دەبێتە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین و وەزارەتی ناوخۆ بە بڕیاری سهپاندنی قەییوم لە کارەکەی دووری دەخاتەوە.
یەکەمجار لە 17ـی کانوونی یەکەمی 2016 و دووەمجاریش لە 19ـی ئابی 2019 بوو.