پارتی ڕاستڕەوی «ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا» (AfD) سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت (زاکسن ئانهاڵت) تۆمار کرد و هەنگاوێکی گەورەی بەرەو پێکهێنانی دەسەڵات نا. هاوکات لە هەمان پڕۆسەدا، مامەد محەمەد، چالاکوانی کوردی ئێزدی لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان توانی کورسییەکی پەرلەمانی ئەو هەرێمە مسۆگەر بکات.
ئاوێنە: بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی دوای دەنگدان، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا توانیویەتی ٤٤٪ بۆ ٤٤.٥٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) دێت کە تەنیا ١٨.٥٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە. ئەم دەنگانە دەرفەت بە پارتە ڕاستڕەوەکە دەدات نزیکەی ٣٩ کورسی لە پەرلەمانی هەرێمەکە مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەها پێویستی بە ٤٢ کورسییە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەگەری جێگیربوونی ئەم ئەنجامانە لە جیاکردنەوەی کۆتاییدا، ئەمە دەبێتە یەکەمین جار لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پارتێکی ڕاستڕەو بەم شێوەیە لە وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەسەر ئاستی هەرێمێکدا نزیک ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنێکی نوێی بۆ کۆچبەران تۆمار کرد؛ مامەد محەمەد، چالاکوانی کوردی ئێزدی کە خەڵکی ناوچەی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بووە یەکەم کوردێکی ئێزدی بگاتە پەرلەمانی ویلایەتێک لە ئەڵمانیا.
مامەد محەمەد لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ـی عەفرینە و لە ساڵی ١٩٩٦ ڕووی لە ئەڵمانیا کردووە، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە. ناوبراو یەکێکە لە کەسایەتییە چالاکەکانی شاری «هالە»، بڕوانامەی دبلۆمی لە کاری کۆمەڵایەتیدا هەیە و بۆ چەندین ساڵ وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی «LAMSA» کاری کردووە، کە تۆڕێکی تایبەتە بە نوێنەرایەتیکردنی ڕێکخراوەکانی پەنابەران و کۆچبەران لەو هەرێمەدا.
لەسەر ئاستی کاری سیاسیش، محەمەد لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی سەوزەکانە لە هەرێمی زاکسن ئانهاڵت و هاوکات وەک وتەبێژی حزبەکە بۆ کاروباری فرەڕەنگی کار دەکات. گرنگترین تەوەر و کارنامەکانی بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، داکۆکیکردن لە مافی کۆچبەران، لەگەڵ بەهێزکردنی بنەماکانی ئاوێتەبوون و بەشداریپێکردنی دیموکراتییانە لە کۆمەڵگەدا.