وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشنیاز و داواکارییەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و دابینکردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری خستووەتە ڕوو. ئەم هەنگاوەش دوای کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی مانگی ڕابردووی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان دێت لەگەڵ هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان، کە تێیدا داوا لە هەردوولا کرابوو دیدگای خۆیان بە فەرمی پێشکەش بکەن.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە نووسراوەکەیدا داوای کردووە بڕ و نرخی سووتەمەنی هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق بۆ هەرێم دەستەبەر بکرێت، هاوکات دوو پێشنیازی وەک بژاردەی چارەسەر خستووەتە بەردەم لیژنە پەرلەمانییەکە:
بژاردەی یەکەم: دابینکردنی ڕێژەی ١٤% لەو نەوتە خاوەی کە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە عێراق تەرخان دەکرێت، کە دەکاتە ١٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان.
بژاردەی دووەم: دابینکردنی بەنزین و پێداویستییەکانی تری سووتەمەنی بۆ هەرێم بەپێی ڕێژەی ١٤%ی تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە عێراق دابەش دەکرێن، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان لاریمان نییە لەوەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنی عێراقی، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هیچ پێشنیازێکی فەرمی و نووسراوی لەسەر ئەم بابەتە پێشکەشی پەرلەمان نەکردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن. ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە کۆبوونەوەی میوانداریکردنی ٢٦ی ئابدا، وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ناتوانێت بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێم دابین بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکرێتەوە کە دەبێت لە ڕێگەی فشار و هەوڵی پەرلەمانییەوە کار بۆ بەدەستهێنانی بەنزینی ٤٥٠ دیناری و سووتەمەنی هەرزان بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردووەتەوە نووسراوە فەرمییەکەی هەرێم کۆتایی بەو مشتومڕانە دەهێنێت کە پێشتر هەبوون سەبارەت بە ڕادەستنەکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە؛ چونکە لاری نەبوونی هەرێم بە بەڵگەی نووسراو سەلمێنراوە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی ماف و پشکی سووتەمەنی. هاوکات داوا لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکرێت ناکۆکییەکان وەلا بنێن و بە هەماهەنگی فشار بخەنە سەر وەزارەتی نەوتی عێراق، تاوەکو وەک ناوەڕاست و باشووری وڵات و بەپێی ژمارەی دانیشتووان، سووتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هوشداری دراوە کە پێویستە ئێستا کێشەی تەواوی بەرهەمە نەوتییەکان وەک بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل چارەسەر بکرێت؛ چونکە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان، قەیرانی نەوتی سپی ماڵان سەرهەڵدەدات و دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستییانەش بە نرخێکی دادپەروەرانە، وەک مافێکی دەستووری و یاسایی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە.