کۆمەڵەی توێژینەوە و بەرەوپێشبردنی چاند و زمانی میزۆپۆتامیا، کە دەکەوێتە ناوچەی چەرکەزکۆی پارێزگای تەکیرداغ، بووە ئامانجی هێرشێکی چەکداری.
ئاوێنە: شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، هێرشکرایە سەر بینای کۆمەڵەی توێژینەوە و بەرەوپێشبردنی چاند و زمانی میزۆپۆتامیا لە ناوچەی چەرکەزکۆی سەربە پارێزگای تەکیرداغ.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانی مادی بە دەرگا و پەنجەرەکانی ناوەندەکە کەوتووە، هاوکات دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستگیرکرا.
کوردانی نیشتەجێی ناوچەی چەرکەزکۆ بۆ پەرەدان بە زمانی کوردی، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا کۆمەڵەی توێژینەوە و بەرەوپێشبردنی چاند و زمانی میزۆپۆتامیایان دامەزراندووە و لە ناوەندەکەدا وانەی زمانی کوردی دەوترێتەوە.