ئا: ئاوێنە
نوێترین گۆرانی داریوش، بە ناوی "توهم توطئه - وەهمی پیلانگێڕی" ڕەخنە لەهەردوو پێکهاتەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیو بیرکردنەوەو یادەوەری مێژوویی کۆمەڵگایەک دەگرێت کە بە وتەی داریوش لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی هەڵەکانی خۆی ببێتەوە، بەردەوام لەوەهمدا دەژیو لەپشت پەردەوە دوژمن دروست دەکاتو هەڵەکانی دووبارە دەکاتەوەو پێیوایە هەموو شتێک پیلانە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لەناڕازییەکانی ئێرانی گۆرانیەکە وەک هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆیان لێکبدەنەوە.
داریوشی ئیقبالی، یەکێکە لەهونەرمەندە هەرە ناودارەکانی ئێران کە لەپێش شۆڕشی ئێرانی ١٩٧٩و قۆناغی دواتریشیدا بەگۆرانییە دڵتەنگو ناڕازییو سیاسییەکانی ناسراوە، ئەو یەکێکە لەکەسایەتییە مشتومڕاوییەکانی کولتووری جەماوەری ئێران، کە توانیویەتی جێ پەنجەی بەسەر کولتووری جەماوەریو هونەری نوێی ئێراندا بەجێبهێڵێت.
داریوش زیاتر لەزۆرێک لە گۆرانیبێژانی دیکەی ئێران گۆرانییەکانی وەک "بۆنی گەنم، دیوارو ساڵی ٢٠٠٠" لەیادەوەری ئێرانییەکاندا ماوەتەوەو ئەمەش وایکردووە نوێترین گۆرانی ئەو هەرایەکی گەورەی لەسۆشیال میدیای ئێرانیدا لێبکەوێتەوە، کە نەک هەر ڕەخنە لەدەسەڵاتی ئێرانو ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات دەگرێت، بەڵکو رەخنە لەکۆمەڵگەش دەگرێت کە بەردەوام هەڵەکانی مێژووی رابردووش دووبارە دەکەنەوەو بەردەوام پێکهاتەی ستەمکاری بەرهەم دەهێنێتەوە.
داریوش یەکێکە لەو هونەرمەندانەی لەدژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیدا ڕاشکاوانە بووەو لەبلۆگەکەی خۆیدا سەبارەت بەهۆکارەکانی ڕۆیشتنی لەئێران نووسیویەتی "دوای شۆڕشی ١٩٧٩و دوابەدوای ئەو کۆمەڵکوژیو خوێنڕشتنو خنکاندنانەی کە لەخاکی مندا فەرمانڕەوایی کرد، ناچار بووم زێدی خۆم بەجێبهێڵم، لەو کاتەوە لەسەفەرێکی بێکۆتاییدا، هەوڵدەدەم سروودی ئێرانێکی ئازاد بڵێم".
داریوش پێشتریش دژایەتی رژێمی پاشایەتی لەئێران کردووەو لەو سەردەمەشدا بەهۆی گۆرانییە سیاسییەکانییەوە لەلایەن ساواکەوە خراوەتە زیندانەوە.
داریوش گۆرانییە نوێکەی بە ئاماژەدان بە"وەهمو وەهمی مێژوویی" ئێرانییەکان دەستپێدەکات:
"سەیرکە ئەم وەهمە چی بەئێمە کردووە/ دونیا لەپشت پەردەوەیە بۆ گەلەکەمان"
هەر لە سەرەتاوە داریۆس هێرش دەکاتە سەر عەقڵی مێژوویی ئێران، هەمان ئەو عەقڵە کە دەیەوێت هەموو شتێک بەچیرۆکی لەدەستی پشتەوەیەو هەموو شتێک بە"پیلانگێڕان" دەبەستێتەوە.
لەگۆرانیەکەیدا دەڵێت "لەدیدی ئێمەدا یەک بەیەکمان کەسی کەسێکین/ وەهمی پیلانگێڕیی شێتی کردووین
میراتمان ئەوەیە کە بە هەموو ئاراستەیەکدا بخولێینەوە/ کاتێک بۆ هەر یەکێک لەئێمە دۆست دوژمنە"
هەندێک جار درۆ وەک وشکەساڵی وایە/ هەندێک جار درۆ وەک ئاوخواردنەوە وایە
تا هەڵە کردنمان بەکاری دوژمن بزانین/ ئەمە حاڵو ڕۆژی تۆو سفرەی منە
ئەمڕۆی ئێمە دەرئەنجامی هەڵەیەک نییە/ ئەمڕۆی ئێمە دەرئەنجامی دووبارەبوونەوەیە"
داریوش دەیەوێ بڵێت کورتکردنەوەی هەموو هەڵە مێژووییەکان بۆ شۆڕشی ئیسلامی، لەڕوانگەی ئەم گۆرانییەوە، خوێندنەوەیەکی ناتەواوە. شۆڕشی ئیسلامی، ئەگەر بەهەڵە بزانین، بەرهەمی کۆمەڵێک هەڵەو ڕەوتگەلێکە کە کۆمەڵگای ئێران لەقۆناغە جیاوازەکاندا چەندین جار دووبارەی کردۆتەوە، هەر لە شۆڕشی مەشروتەوە تا بزووتنەوەی بەنیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتو دواتریش.
گشتاندنی ئەم "هەڵەی وەهم"ە بۆ هەموو قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، ڕێک ئەوەیە کە پاشایەتیخوازەکانی توڕە کردووە، ئەوان بەردەوام هەوڵدەدەن خۆیانو ڕەزا شاو محەمەد ڕەزا پەهلەوی وەک هێمای مۆدێرنیتەو دژە هەموو شکستە مێژووییەکانی ئێران پیشان بدەن.
بەڵام یەکێک لەبەشەکانی گۆرانییەکە، ئەوەیە کە داریوش هێرش دەکاتە سەر جۆرێک لەدووڕوویی سیاسی لای ئۆپۆزسیۆنو ئەوانەی لەپشت کارەساتو ڕووداوە خوێناوییەکانەوە خۆیان دەشارنەوە:
"ئێمە لەپشت هەموو کارەساتێکەوە تەنها گریاین/ ئەوەی گووتمان، ئەوە نەبووینو نین"
داریوش لەم گۆرانیەدا تەنیا ئایدۆلۆژیایەک یان حکومەتێک ناکاتە ئامانج، بەڵکو مێژوویەک کە بە بۆچوونی ئەو بەردەوام ستەمکاری لەناو خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە، مێژوویەک کە کۆمەڵگا لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی هەڵەکانی خۆی ببێتەوە، لە پشت پەردەوە بەدوای دوژمنسازی دەرەکیو پیلانگێڕییەکدا دەگەڕێتو هەرجارە بەفۆرمێکی نوێ هەمان مێژووی پێشوو دووبارە دەکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم گۆرانییەدا شەپۆلێکی سووکایەتیو جنێودان لەلایەن پاشایەتیخوازەکانەوە ئاراستەی داریوش کرا.
لەوەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی "وەهمی پیلانگێڕی"ەوە ئاراستەی کارەکە کراوە، داریوش لەپەیجی تایبەتی خۆی لەئینستاگرام ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو جەختی لەوە کردەوە کە مەبەست لەم گۆرانییە تاوانبارکردنی کۆمەڵگا یان پشتگوێخستنی ڕۆڵی حکومەتەکانو زلهێزە بیانییەکان نییەو وتی "بینینی ئەم هەڵانەی مێژووی رابردووی خۆمان، نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو دەشێت نیشانەی پێگەیشتنی کۆمەڵگایەک بێت، کۆمەڵگایەک کە جگە لەخۆڕاگری، بتوانێت ڕەخنە لەخۆیشی بگرێتو توانای زیاتری هەبێت بۆ بنیاتنانی داهاتوو".
ئەمە یەکەمجار نییە کە داریوش لەگەڵ پاشایەتیخوازەکاندا تووشی بەرکەوتن دەبێت، داریوش کە لەسەردەمی پاشایەتیدا لەلایەن ساڤاکەوە زیندانی کرابوو، دوای چوونە ئەمەریکا، زۆری نەخایاند پێیباش بوو لەلۆس ئەنجلۆس نەژیو بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ پاشایەتیخوازەکاندا هەیبوو، چووە فەرەنساو لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەو چەندینجار لەکۆنسێرتەکانیدا وتویەتی "نە شێخو نە شا".
بی بی سی دەربارەی ئەم گۆرانییە دەلێت "بێ گوێدانە ئەوەی مرۆڤ لەگەڵ "وەهمی پیلانگێڕی" هاوڕا بێت یان نا، کاردانەوە بەربڵاوەکانی ئەم گۆرانییە نیشانی دا کە دوای زیاتر لەپێنج دەیە لەچالاکیی هونەری، داریوش هێشتا توانای ئەوەی هەیە بەگۆرانییەک بچێتە یەکێک لەهەستیارترین ململانێ فیکریو سیاسییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانەوە".
بۆ گوێگرتن لەگۆرانیەکەی داریوش کلیکی ئەم لینکە بکە:
https://www.youtube.com/watch?v=IpU_1h946m8