پارێزەرانی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە بەسەربازگەکردنی دادگا و داوای گەڕاندنەوەی شکۆی سەروەری یاسا دەکەن
  2026-09-09       105       

ژمارەیەک لە پارێزەرانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کە ئاراستەی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی و سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیان کردووە، داوا دەکەن ڕێکاری ئاسایی بۆ دادگاییکردنی هەموو تۆمەتباران بگیرێتەبەر و جەخت لەوە دەکەنەوە نابێت تەواوی دامەزراوەی دادگا بەهۆی دۆسیەی کەسانی خاوەن پێگەوە پەکی بکەوێت.

ئاوێنە: ​لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دادگا پێگەی بنەڕەتیی چەسپاندنی دادپەروەری، یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، گەڕاندنەوەی ماف بۆ ستەملێکراوان و جێبەجێکردنی سزای یاساییە بەسەر سەرپێچیکاراندا، بۆیە ناکرێت پێگەی ئەم دامەزراوەیە لە ئەرکە سەرەکییەکەی لابدات.

​بەپێی وتەی پارێزەران، لە ئێستادا لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگاییکردنی دۆسیەی دوو ئەندامی حیزبێک لە دادگای سلێمانی، دۆخێکی نائاسایی دروست دەکرێت لە ڕێگەی هێنانی هێزێکی زۆری چەکدار و گۆڕینی دادگا بۆ سەربازگە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ڕۆژانەدا ڕێگری لە هاووڵاتییان و تەنانەت لە پارێزەرانیش دەکرێت بچنە ژوورەوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانیان، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە ئەو ڕۆژە وادەی بینینی داوا یاساییەکانیان دیاریکراوە و سکاڵاکار یان سکاڵالێکراون.

​ڕاگەیەندراوەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەم مامەڵەیە لە پاڵ نایاساییبوونی و دروستکردنی بێڕێزی بەرامبەر دادوەران، پارێزەران و بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، هاوکات دەبێتە هۆی ستەم و زەوتکردنی مافی هاووڵاتییانی دیکە، بە شێوەیەک:

​دوواکەوتنی بڕیاردان لە کەیسی بژێوی منداڵانی بێ دەرامەت بۆ زیاتر لە مانگێک بەهۆی ڕێگریی هاتوچۆوە.

​گەڕانەوەی ئەو شایەتحاڵانەی کە لە دەرەوە هاتوون و بەهۆی ڕێگرییەکانەوە ئامادە نابن، ئەمەش مەترسیی لەدەستچوونی مافی هاووڵاتییانی دیکە دروست دەکات.

​درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی ئەو تۆمەتبارانەی کە لە بنەڕەتدا بێتاوانن، بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆیدا کارەکانیان بۆ ناکرێت.

​گەڕاندنەوەی نەخۆش و خەڵکی کەمدەرامەت کە بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی سلێمانی ڕوویان لە دادگا کردووە و بێ هیچ هۆکارێکی یاسایی ڕێگرییان لێ دەکرێت.

​لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا، پارێزەرانی سلێمانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن هەڵوێستی جدی بنوێنن لە پێناو پاراستنی شکۆی دادگا و سەروەریی یاسا، دووپاتیشی دەکەنەوە کە سکاڵاکار و تۆمەتبار لە هەر پلە و پۆستێکدا بن، نابێت لە ڕۆژی دادبینییاندا تەواوی دادگا پەکبخرێت، بەڵکو پێویستە ڕێوشوێنی تر بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دۆخە بە دوور لە بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییان و پارێزەران، چونکە دادگا موڵکی گشتییە و موڵکی تایبەتی هیچ کەس و لایەنێک نییە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×