ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە کە مامۆستا محەمەد نزهەتی، وتارخوێنی ناوچەی چیانە لە سنووری پیرانشار بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.
ئاوێنە: سەبارەت بەم ڕووداوە، سوپای پاسدارانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی مامۆستا نزهەتی خستووەتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە وەک «گرووپە جوداخوازەکان» ناوی بردوون. سوپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کوژرانی ناوبراو جگە لەوەی بە ئامانجگرتنی کەسایەتییەکی دیارە، هاوکات هەوڵێکیشە بە مەبەستی دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکی لە نێوان موسڵمانان و تێکدانی یەکڕیزیی نێوان شیعە و سوننە. لە درێژەی بەیاننامەکەشدا هاتووە کە «ڕووداوی لەم شێوەیە هەمیشە دەبێتە هۆی بەهێزتربوون و پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان پەیڕەوانی ئەم دوو مەزهەبە.»
مامۆستا محەمەد نزهەتی یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەهلی سوننە و وەک وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی چیانە لە سنووری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری دەکرد.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناوبراو شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند چەکدارێکی «ماتۆڕسوار»ەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.