محەممەد شەرقاوی، مامۆستای چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی "سەلالە" دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بۆشایی و ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
لەلایەکی دیکەوە، شەرقاوی ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بارگرانییەکی قورسی خستووەتە سەر شانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تاوەکو نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ ٦٠ دۆلار دابەزێنێت.
سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ و بەرپرسانی ئێران، ئەو شارەزایە پێی وایە کە ئەمە تەنیا دوو مانۆڕی گوتاریی هاوتەریبن؛ لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا پشت بە ستراتیژی "خنکاندنی ئابووری" دەبەستێت بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە داواکردنی دانوستان بکات، لە بەرامبەردا تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە باڵادەستە و مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەخاتە پێشەوە.
لە کۆتایی شیکارییەکەیدا، شەرقاوی جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەم پێداگرییە ڕواڵەتییەی هەردوولا، بەڵام لە واقیعدا هەم ئەمریکا و هەم ئێرانیش ئارەزوو و پێویستییەکی زۆریان بە ئەنجامدانی دانوستان هەیە. بە بڕوای ئەو، کێشە سەرەکییەکە لە ئێستادا تەنیا دۆزینەوەی ڕێڕەوێکە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان بە جۆرێک کە پێگە و کەسایەتیی هەردوولا بپارێزێت و ئابڕوویان نەچێت.