بێڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای "مایکرۆسۆفت"، ڕایگەیاند کە جیهان هێشتا ئامادەکاریی تەواوی نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی زیرەکیی دەستکرد (AI). بە وتەی ئەو، لە ئێستادا هیچ پلانێکی ڕوون و تۆکمە بوونی نییە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە بۆ سەردەمی ئەم تەکنەلۆژیایە. گەیتس ئاماژە بەوە دەکات کە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ببێتە گەورەترین هۆکاری چەسپاندنی یەکسانی لە مێژوودا، یانیش بەپێچەوانەوە، ببێتە سەرچاوەیەکی بێپێشینە بۆ نادادپەروەری.
ئاوێنە: لە وتارێکدا، گەیتس ڕوونی کردووەتەوە کە بەپێچەوانەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی ڕابردوو، زیرەکیی دەستکرد توانای ئەوەی هەیە ئەو کارانەی کە پشت بە توانای هزری و مێشکی دەبەستن لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا بە خێراییەکی زۆر لەناو ببات؛ بە جۆرێک کە دەرفەتی پێویست نەمێنێت بۆ گواستنەوەی هێزی کار بۆ سەر پیشە نوێیەکان. بە بڕوای ئەو، بوارەکانی فرۆشتن، خزمەتگوزاریی کڕیاران، ئەندازیاریی نەرمەکاڵا و کارە یاساییەکان لەو بوارانەن کە زووتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانە. پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا زیرەکیی دەستکرد بتوانێت ئەرکەکانی وەک هەڵسەنگاندنی قەرز، شیکردنەوەی داتا و ڕیزبەندیی نەخۆشەکانیش بگرێتە ئەستۆ.
ئەم مەترسییە تەنیا لە کارە ئیدارییەکاندا کورت نابێتەوە. دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت پێی وایە لەگەڵ هەرزانبوون و پێشکەوتنی تواناکانی ڕۆبۆتەکان، کرێکارانی دەستیش دەکەونە ژێر فشارێکی زۆرەوە. هەروەها ئەو گەنجانەی کە تازە دێنە ناو بازاڕی کارەوە، لەوانەیە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی دەرفەتەکانی کار ببنەوە. گەیتس هۆشداریش دەدات کە ململانێی کۆمپانیاکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی بازنەیەک، کە تیایدا بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و ڕۆبۆت لەلایەن کۆمپانیایەکەوە، کۆمپانیا ڕکابەرەکانیش ناچار دەکات هەمان هەنگاو بنێن بۆ مانەوە لە بازاڕدا.
سەرباری ئەم مەترسییانە، گەیتس زیرەکیی دەستکرد تەنیا وەک هەڕەشەیەک نابینێت، بەڵکو پێی وایە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت پرۆسەی داهێنان لە بوارە هەستیارەکانی وەک وزەی پاک، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا، بەرهەمهێنانی خۆراک و بنەبڕکردنی نەخۆشییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر بکات.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و ئامادەکاری بۆ داهاتوو، گەیتس پێشنیار دەکات کە حکومەتەکان دامەزراوەی نیشتمانیی نوێ پێکبهێنن بە مەبەستی هەماهەنگیکردنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە دامەزراندن، باج، پەروەردە، وزە، هەڵبژاردن، تەندروستیی گشتی، سیستەمی دارایی و ئاسایشی نیشتمانی. لەبەر ئەوەی زۆربەی مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد سنوورە نیشتمانییەکان دەبەزێنن، ئەو جەخت لەسەر گرنگیی دروستکردنی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، گەیتس پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم جۆرە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە دەتوانێت سوود لە مۆدێلەکانی وەک "سیستەمی پشکنینی جیهانی بۆ چەکی ئەتۆمی"، "ڕێنماییەکانی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی" و "ڕێککەوتننامە جیهانییەکانی پاراستنی چینی ئۆزۆن" وەربگرێت. بەڵام هۆشداریش دەدات کە تەنانەت لە باشترین حاڵەت و بوونی پلانێکی گونجاودا، قۆناغی گواستنەوە بۆ سەردەمی زیرەکیی دەستکرد ئەگەری زۆرە ببێتە یەکێک لە پڕ لە ئاژاوەترین و سەختترین قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.