ماڵپەڕی ئیسرائیلی "والا" ڕایگەیاند، ئیسرائیل و سعودیە بە ناوبژیوانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گفتوگۆیان کردووە، بەمەبەستی یارمەتیدانی ریاز بۆ بەهێزکردنی تواناکانی زانیاری و پاراستنی خۆی لە هێرشەکانی حووسییەکان.
ئاوێنە: بەپێی ئەم ماڵپەڕە، حوسییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆسەر سعودیە زیاد کردووە. لەنێوان ئەو هێرشانەدا، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر بۆرییەکانی نەوت و دامەزراوەکانی پەمپکردنی نەوت هەبووە، کە بووەتە هۆی وەستاندنی بەشێک لە کارکردنی بۆرییە سەرەکییەکە.
هەروەها، حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتییانی سعودیە کەلە مزگەوتێک و بیناکانی دەوروبەریدا، لە نزیک سنووری یەمەن و سعودیە، بوون.
ئەو ماڵپەڕە ئیسرائیلیە ئاماژەی بەوەشکردووە، حوسییەکان هەندێک دوورگەی گرنگیان لەسەر کەناری دەریای سوور کۆنترۆڵ کردووە و ڕێگرییان لە تێپەڕینی کەشتییە سعودییەکان لە گەرووی بابولمەندەب کردووە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئەم هەنگاوە بە جۆرێک لە گەمارۆی ئابووری و دیپلۆماسیی ریاز وەسف دەکەن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە دەڵێن؛ سعودیە و ئیسرائیل بە ناوبژیوانی سێنتکۆم گفتوگۆیان کردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی بە سعودیە بدرێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی.
بەپێی ئەم سەرچاوانە، داواکاریی سعودیە بە گومانەوە زیاتر لەسەر "پشتیوانیی زانیاری" چڕ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ڕیاز بتوانێت وێنەیەکی تەواوتر لە شوێنی هێز و چالاکییەکانی حوسییەکان لە ناوچەکە هەبێت و بتوانێت پلان و هەنگاوە ئەگەرییەکانیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو پێشبینی بکات.
جگە لەوەش، بەپێی سەرچاوەکانی "والا"، سوپای ئیسرائیل پێشتر تواناکانی خۆی لە بواری زانیاری و ئۆپەراسیۆنی دەریایی لە دەوروبەری گەرووی هورمز پیشان داوە و یارمەتیی ئەمریکای داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی شوێنی هێزە ئێرانییەکان.