نوسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، شەڕ لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا، لەوانەش مووشەکەکانی بەرگریی ئاسمانی؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆگای سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا کەم نەبووەتەوە.
ئاوێنە: نوسینگەی بودجەی کۆنگرێس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان وتی "پێنج مانگی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ئێران نزیکەی ٣٨ ملیار دۆلار بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تێچووە. تێچووی ئەم شەڕە دەکرێت بگاتە نێوان ٢ تا ٣ ملیار دۆلار لە مانگێکدا".
ئەوەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە وتبووی کە ئەمریکا چەکی پێشکەوتوو بە ئاستێکی "بێوێنە" بەرهەمدەهێنێت و سیستەم و مووشەکی نوێ هەموو ڕۆژێک بۆ هێزە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی تری جیهان دەنێردرێن. ناوبراو جەختیشی کردبووەوە کە ئەمریکا لە بنکەکانی خۆیدا "ژمارەیەکی زۆر" لەم چەکانە هەیە.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلێس تایمز بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکان و نێودەوڵەتییەکان (CSIS) لە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لە پێنج مانگی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ئێراندا نزیکەی ٦٠٪ی مووشەکە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانییان بەکارهێناوە؛ مووشەکەکان بۆ پاراستنی هێزە ئەمریکییەکان دیاریکرابوون.