پاکستان هۆشداری دەداتە ئەفغانستان و هیندستان، و نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات
  2026-09-25     

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە 81ەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک (هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026)، گوتارێکی گشتگیری سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرد. لە سەرەتای گوتارەکەیدا، شەریف ئاماژەی بە گرژییەکانی ساڵی رابردووی نێوان ئیسلامئاباد و نیودەلھی کرد و خستیەڕوو کە هەردوو وڵاتە خاوەن چەکدارە ئەتۆمییەکە لە لێواری شەڕێکی سەرتاسەریدا بوون. لەم چوارچێوەیەدا، ناوبراو رۆڵی دۆناڵد ترەمپی بەرز نرخاند و رایگەیاند کە دەستوەردانی خێرا و بڕیارەکانی ناوبراو، سەدان ملیۆن کەسی لە باشووری ئاسیا لە کارەساتێکی گەورە پاراستووە.

ئاوێنە: سەبارەت بە پرسی کەشمیر، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئەو ناوچەیەی بە "شادەماری پاکستان" وەسف کرد. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئیسلامئاباد لەسەر ئاستەکانی دیپلۆماسی، سیاسی و ئەخلاقی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەلی کەشمیر تا بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. هاوکات، رەخنەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان گرت کە لە هەشتا ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە بەڵێنی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی بێلایەن لە ناوچەکە جێبەجێ بکات، لەکاتێکدا بە گوتەی ئەو، دانیشتووانی ناوچەکە بەردەوام رووبەڕووی گۆڕانی دیمۆگرافی، دەستگیرکردن و کوشتن دەبنەوە.

لە درێژەی گوتارەکەیدا، ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی دیکە بوو. شەریف هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر سعوودیە و بەتایبەت ئەو هەوڵانەی کە مەککە بە ئامانج دەگرن، بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە ئاسایش و پیرۆزیی حەرەمەین "هێڵی سوورە". هەروەها تیشکی خستە سەر رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی (مەککە) لە نێوان پاکستان، تورکیا و سعوودیە، و روونیکردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە ئامانجی سەقامگیریی ناوچەکەیە و دژی هیچ دەوڵەتێک نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، داوای کرد گەرووەکانی هورمز و بابولمەندەب وەک دوو شاڕەگی گرنگی ئابووریی جیهانی بە کراوەیی بمێننەوە و نەکرێنە گۆڕەپانی شەڕ.

سەبارەت بە رۆڵی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کرد کە بە هەوڵی بەردەوامی سەرکردایەتیی سوپای پاکستان، توانیویانە نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ژێر یەک سەقفدا لە ئیسلامئاباد کۆبکەنەوە. ئەو، گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوانیانی بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانێکی مەترسیداری ناوچەکە وەسف کرد. جەختیشی لەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی پاکستان لەسەر بنەمای ئاشتی، دیالۆگ لەبری رووبەڕووبوونەوە، و هاوکاری لەبری زۆرەملێ داڕێژراوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، شەریف نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هەڵکشانی دیاردەی "ئیسلامۆفۆبیا" لە جیهاندا دەربڕی، کە بەهۆیەوە موسڵمانان رووبەڕووی گوتاری رقوکینە و بێڕێزیکردن بە قورئان دەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بە دیاریکراوی رەخنەی لە هیندستان گرت و رایگەیاند کە ئایدیۆلۆژیای رێکخراوی (RSS) لەو وڵاتەدا هۆکارە بۆ پەرەسەندنی رقی ئایینی، توندوتیژیی تایفی، پەلاماردانی پەرستگاکان و سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر ئازادییە ئایینییەکاندا.

لە کۆتاییدا، پرسەکانی ئەفغانستان بەشێکی گرنگی گوتارەکەی پێکهێنا. سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای لە تاڵیبان کرد کە لە هەموو بارودۆخێکدا رێز لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی ئەفغانستان، بەتایبەتی مافی ژنان و کچان، بگرێت. لە رووی ئەمنیشەوە، بە توندی هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی کابول سەبارەت بە بوونی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە دەرەوە پارەدار دەکرێن و لە ناوخۆی ئەفغانستانەوە پەناگەیان دروستکردووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی پاکستان. شەریف داوای لە دەسەڵاتی کاربەڕێکەری کابول کرد هەنگاوی کردەیی بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی دزەکردنەکان و دڵنیاییدان لەوەی خاکی ئەفغانستان جارێکی دیکە دژی پاکستان یان هەر وڵاتێکی دیکە بەکارناهێنرێت.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە: "ئێمە ئەو کوردانە نین کە لە تورکیادا دەیانچەوسێنیتەوە"
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە کوژرانی کۆڵبەرانی کورد دەکات
میدیای ئێران: گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ هه‌شت وڵات به‌رده‌وامن
دادوه‌رێكی ئه‌مریكا قه‌ده‌غه‌ی چونه‌ژوره‌وه‌ی سێ ده‌زگای راگه‌یاندنی بۆ كۆشكی سپی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌
نه‌تانیاهو له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان: ئه‌گه‌ر ترسنۆكێكی دیكه‌ له‌ هۆڵه‌كه‌دا ماوه‌ داوای لێده‌كه‌م بچێته‌‌ ده‌ره‌وه‌
ڕێککەوتنێکی نوێ: تورکیا بنکەی سەربازیی بەعشیقە ڕادەستی عێراق دەکات
“٣٤ هەزار فەرمانبەری عێراق نەخوێندەوار و بێ بڕوانامەن”
عه‌زیز ئه‌حمه‌د: حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له‌ 9 ملیار دۆلار قه‌رزاری كۆمپانیاكانی كه‌رتی كاره‌بایه‌
قوباد تاڵه‌بانی: تا ئێستاش پێداگرین له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌
عەلی زەیدی ڕەزامەندی لەسەر ١٥٠ هەزار پلەی دامەزراندن لە بودجەی فیدراڵیدا دەردەبڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×