فیدان: هاوپەیمانیی سەربازیمان بۆ پاراستنی سعودیە چالاک دەکەین
  2026-09-26     

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نیویۆرک رایگەیاند، ئەنقەرە هەماهەنگیی سەربازی و تەکنیکی لەگەڵ سعودیە و پاکستان گەیاندووەتە قۆناغێکی باڵا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی سەر خاکی سعودیە.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی 81ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپامان گفتوگۆم کرد تا بڕیارە تەکنیکییەکان لەگەڵ دیدگای سیاسیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار یەکانگیر بکەین. سوپای تورکیا هێزێکی زۆر پیشەگەر و خاوەن ئەزموونە و ئامادەکاریی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە مەترسییەک، و رێکارە سەربازییەکان لە قۆناخێکی زۆر باشدا بەڕێوە دەچن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کرد لە نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستان و رایگەیاند: "پاکستان کاندیدێکیان بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە پێشنیاز کردووە، و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن وڵاتانی ئەندام و لە نێویاندا خودی تورکیاوە پەسەند دەکرێت. دوای دەستبەکاربوونی سکرتێری گشتییش، هەنگاوەکانی دابەشکردنی پۆست و کادیرە سەربازی و تەکنیکییەکان دەستپێدەکات".

دەربارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئیسرائیل، هاکان فیدان باسی لەوەکرد کە ئیسرائیل چیدی ناتوانێت بەبێ وەڵام و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی بەردەوام بێت و وتیشی "ستەم و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل وەک پێشتر بێ وەڵام تێناپەڕن؛ لە سایەی هەوڵە دیپلۆماسییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، ئیسرائیل ناچار دەکرێت باجێکی یەکجار قورس بدات".

"ئەمڕۆ تەلئەڤیڤ لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و رێکاری سزای قورسی یاساییدایە، کە پێشتر هەرگیز رووبەڕووی دۆخێکی لەم شێوەیە و دابڕانێکی نێودەوڵەتیی وا نەبووەتەوە". وەزیری دەرەوەی تورکیا وایوت
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×