ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکاری لە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بە واتای کەمکردنەوەی شاراوەی موچەی فەرمانبەران دێت بە ڕێژەی زیاتر لە ١٣٪.
کاوە شێخ عەلی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر حکومەت نرخی دۆلار لە ١٣٠٠ دینارەوە بۆ ١٥٠٠ دینار بگۆڕێت، ئەوا بەهای موچەی هاوڵاتییان بە ڕێژەی ١٣.٣٪ دادەبەزێت. ناوبراو ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بەبێ پاراستنی توانای کڕینی خەڵک، قەرەبووکردنەوەی کێشە ئابوورییەکانە لەسەر شانی هاوڵاتییان. هەروەها دەڵێت: "موچەکە هەمان ژمارەیە، بەڵام بەهاکەی کەمترە، ئەمەش فشارێکی گەورە لەسەر کڕینی کاڵای هاوردە دروستدەکات، بەتایبەت کە زۆربەی پێداویستییەکانی وەک دەرمان و خۆراک لە عێراقدا هاوردەن".
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم جۆرە بڕیارانە لە ڕووی کردارییەوە جۆرێکە لە کەمکردنەوەی موچە بە شێوەیەکی شاراوە، بەو پێیەی ژمارەی موچەکە جێگیرە بەڵام توانای کڕین دادەبەزێت، بەمەش هاوڵاتی باجی هەڵە و کێشەکانی سیاسەتی ئابووری دەدات.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ١٦٠ هەزار دینار. هاوکات، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دینار لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی بازاڕەکان و بەهای دۆلاری زیاتر بەرزکردووەتەوە.
لە ئێستادا بانکی ناوەندیی عێراق هەر دۆلارێک بە ١٣٠٠ دینار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە هەوڵێک هەیە لە ساڵی ٢٠٢٧ەوە نرخەکە بۆ ١٥٠٠ دینار بەرزبکرێتەوە. ئەم دەنگۆیانەش دوای لێدوانێکی دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری عێراق، زیاتر تهشهنهی سەند و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازاڕەکان دروستکرد.