دوای تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ بەسەر ئاوارەبوونیاندا، گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی جرف ئەلسەخر، لەوانە کشانەوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و ڕادەستکردنی پێگەکانیان بە هێزە ئەمنییەکان، کەشێکی نوێی لە هیوا و چاوەڕوانی لەنێو کەمپی بزێبزدا دروست کردووە. لەم کەمپەدا کە ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری فەلوجە لە ڕۆژئاوای بەغداوە دوورە و بەپێی خەمڵاندنەکانی نوێنەری ئاوارەکان نزیکەی سێ هەزار خێزان تێیدا نیشتەجێن، هەرچەندە ژمارەکان لەبارەی قەبارەی خێزانەکانەوە جیاوازن، گفتوگۆی گەڕانەوە بۆ زێدی ڕەسەن جارێکی دیکە بووەتە باسی سەرەکیی دانیشتووانەکەی، لە کاتێکدا پرسیارەکان سەبارەت بە وادە و مەرجەکانی ئەم گەڕانەوەیە هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە.
ئاوێنە: لە یەکێک لە خێمەکانی کەمپەکەدا، ئوم جەمال کە تەمەنی لە حەفتاکاندایە، چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری فەرمیی نەکردووە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی دەست پێ بکات. ئەو دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی کەلوپەلی خێزانەکەی و داوای لە ئەندامانی ماڵەکەی کردووە ئەو شتانە ڕێک بخەن کە دەیانەوێت لەگەڵ خۆیان بیبەن، وەک ئەوەی وادەی گەڕانەوە زۆر نزیک بێت. ئوم جەمال تەنها بیر لە گەڕانەوە بۆ خانووە وێرانبووەکەی ناکاتەوە، بەڵکو پلانیشی داناوە بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ بگێڕێت و هەموو ئەوانە بانگهێشت بکات کە لە بەدیهێنانی ئەم خەونەدا هاوکار بوون.
بە وتەی ئوم جەمال، ئاواتی ئەوەیە منداڵەکانی لە جرف ئەلسەخر ببینێتەوە و خۆشیی گەڕانەوە بۆ ئەو زێدە بژین کە بە منداڵی بەجێیان هێشت، لە پاڵ نەوەکانی کە دوور لەو ناوچەیە لەدایک بوون. لای ئەو، بابەتەکە تەنها گواستنەوە نییە لە کەمپەوە بۆ خانوویەک، بەڵکو گەڕاندنەوەی ژیانێکە کە ساڵانێکە پچڕاوە و گۆڕینی ئەو چیرۆکانەیە کە بۆ نەوەکانی دەربارەی ناوچەکەیان گێڕاوەتەوە بۆ واقیعێک کە بە چاوی خۆیان بیبینن.
لە سەرتاسەری کەمپی بزێبزدا، ئوم جەمال تاکە کەس نییە کە سەرقاڵی بیرکردنەوە بێت لە وادەی ڕۆیشتن؛ زۆرێک لە خێزانەکان وردەکاریی خانوو و گەڕەکەکانیان دەهێننەوە یاد و باس لە گەڕانەوە دەکەن، هاوکات چاودێریی ئاکامی ڕێکارە ئەمنییەکان دەکەن. لەو نێوەندەدا، ئەسما حەسوون ئاماژە بەوە دەکات کە نازانێت کاتێک دەگەڕێتەوە خانووەکەی بەپێوە ماوە یان نا، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمە لە ویستی گەڕانەوە ساردی ناکاتەوە. ئەو داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێرخوازان دەکات ئاوڕ لە دۆخی خێزان و منداڵان بدەنەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە خێزانەکان ئامادەن لە کاتی پێویستدا لەسەر داروپەردووی ماڵەکانیشیان خێمە هەڵبدەن، بە مەرجێک بتوانن بگەڕێنەوە و لەسەر خاکی خۆیان جێگیر ببن.
بۆ مالیک عەلی، پرسی گەڕانەوە ڕەهەندێکی بەئازارتری هەیە، چونکە لە میانی ڕووداوەکانی ڕێکخراوی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکەدا، چوار لە برا و ئامۆزاکانی لەدەست داوە. ئەو دوای ١٢ ساڵ لە ئاوارەیی باس لەوە دەکات کە تاکە شت بۆ خێزانەکان ماوەتەوە، ویستی گەڕاندنەوەی ژیانیانە دوای ئەوەی ساڵانی ژیان لە کەمپەکاندا ماندووی کردوون. مالیک جەخت دەکاتەوە کە داوای هیچی زیاتر ناکات جگە لە گەڕانەوە بۆ خاکەکەی، تەنانەت ئەگەر ناچار بێت لەسەر خۆڵ بژی، هاوکات داوا دەکات ئەو حاڵەتانەی ئاماژەی ئەمنییان لەسەر دەسەلمێندرێت بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و خێزانەکانی دیکە نەکرێنە بارمتەی ئەم دۆسیەیە.
نەوەیەک کە زێدی خۆی نەبینیوە
لە نزیک گفتوگۆی گەورەکان، منداڵان لە کۆڵانەکانی کەمپدا یاری دەکەن و ڕادەکەن، بەڵام بەشێکی زۆریان هەرگیز جرف ئەلسەخریان نەدیوە؛ ئەوان لە کەمپدا لەدایک بوون و قۆناغی منداڵییان لەنێوان خێمەکاندا و لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمای توندی زستان و گەرمای هاویندا بەسەر بردووە. بۆ ئەم نەوەیە، گەڕانەوە مانای گەڕاندنەوەی شوێنێک نییە کە تێیدا ژیابن، بەڵکو ئاشنابوونە بە ناوچەیەک کە تەنها لە زاری کەسوکاریانەوە ناویان بیستووە.
کچۆڵەیەکی ئاوارە خواستەکانی ئەم منداڵانە لەوەدا کورت دەکاتەوە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە، بەڵام هاوکات داوای دروستکردنی قوتابخانەش دەکات بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. ئەم داواکارییە ئەوە دەردەخات کە ئەو منداڵانەی چاوەڕێی جێهێشتنی کەمپ دەکەن، تەنها پێویستیان بە ڕێگایەک نییە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە، بەڵکو پێویستیان بە دابینکردنی بنەماکانی ژیانە کە سەقامگیری و خوێندنیان بۆ دەستەبەر بکات.
مەرج و پلانەکانی حکومەت
لە بەرامبەر خواستی ئاوارەکان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەیان دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی، حکومەت پڕۆسەی گەڕانەوەیان بە دابینبوونی پێداویستییە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان و ئامادەیی ناوچەکەوە دەبەستێتەوە، لە کاتێکدا تا ئێستا وادەی گەڕانەوە و ڕێکارە پێویستەکان بە ڕوونی دیاری نەکراون.
کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت کە وەزارەتەکەیان پلانێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان ئامادە کردووە، وەک جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەیی، بەڵام جێبەجێکردنی پلانەکە بەندە بە ڕەخساندنی دۆخی گونجاو و لابردنی ئەو بەربەستانەی لە بەردەم خێزانەکاندا هەن.
نووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەزارەت ئامادەیە گەڕانەوەیەکی ڕێکخراو و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ هەر ناوچەیەک ئەنجام بدات کە بنەما سەرەکییەکانی تێدا فەراهەم بێت، بەتایبەت لە ئاستی ئەمنی و خزمەتگوزاریدا، و ئاماژە بەوەش دەدات کە جرف ئەلسەخر هەمان ئەو پێوەرانەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی ناوچەکانی دیکە پەیڕەو دەکرێن. ئەم مەرجانە دۆسیەی گەڕانەوە دەخەنە بەردەم چەندین پرسیار لەبارەی سروشتی دۆخی ئەمنیی ناوەوەی ناوچەکە، ئاستی ئامادەیی ژێرخان، خانووەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەرەڕای دیاریکردنی ئەو لایەنەی ئەرکی بەڕێوەبردنی ناوچەکە و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.
«سندووقە ڕەشەکە» و ئاستەنگە مەیدانییەکان
لە لایەکی دیکەوە، ئەیاد جەنابی، نوێنەری ئاوارەکانی جرف ئەلسەخر، پێیوایە گۆڕانی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان بە تەنها بەس نییە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە. بە وتەی جەنابی، حکومەت بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو وەک دۆسیەیەکی نهێنی یان هەواڵگری مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە و ڕێگەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەداوە ئاگاداری وردەکارییەکانی بن یان دەستوەردانی تێدا بکەن.
جەنابی ناوچەی جرف ئەلسەخر بە «سندووقی ڕەش» ناودەبات، وەک ئاماژەیەک بۆ نەبوونی زانیاریی ڕوون لەبارەی ئەوەی لە ماوەی ساڵانی داخستنیدا لەناو ناوچەکەدا ڕوویداوە. ناوبراو داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات بەر لە ڕێگەدان بە گەڕانەوەی هاووڵاتییان، تەواوی زەوییەکان کێوماڵ بکەن، لە ترسی بوونی چەک و تەقەمەنیی ژێرخاککراو کە ڕەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات یان دواتر کێشەی ئەمنییان بۆ بنێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان پێوەی نییە.
سەرەڕای ئەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی خولی وردبینیی ئەمنییان بۆ دەکرێت، جەنابی پێشبینیی گەڕانەوەیەکی نزیک ناکات و مەزەندە دەکات تەواوکردنی ڕێکارەکان نزیکەی شەش مانگی دیکەی پێویست بێت، بەتایبەت لە سایەی ناڕوونیی ڕێککارە ئەمنی و کارگێڕییەکانی داهاتوودا. ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە نایەوێت پێش ڕوونبوونەوەی هەڵوێستی فەرمی، بەڵێنی گەڕانەوەیەکی نزیک بە خێزانەکان بدات، تاوەکو دوای ساڵانێکی درێژ لە چاوەڕوانی و ئاوارەیی، تووشی بێهیواییەکی دیکە نەبنەوە.