ترەمپ قەبارەی ململانێکانی لەگەڵ ئێران بچوک دەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەکرێت
  2026-10-11     

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا قەبارەی ململانێ سەربازییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێرانی کەمکردەوە و بە "ململانێیەکی سەربازیی سادە" وەسفی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات ماوەی شەش مانگە بەردەوامە و لێکەوتەی ئابوری و گیانی لێکەوتوەتەوە، لەوانەش بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و گیانلەدەستدانی ١٨ سەربازی ئەمریکی و برینداربونی سەدانی دیکە.

ئاوێنە: ​ترەمپ لە ئۆفیسی تایبەتی خۆیەوە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ئەو پێدادادانانە بە جەنگ دانانێت. لەم بارەیەوە وتی: "زۆر کەس بە جەنگی نازانن، من پێی دەڵێم ململانێیەکی سەربازی، چونکە بۆ ئێمە شتێکی سادە و بچوکە و شتێکی گەورە نییە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکان پچڕپچڕن و لە ئێستادا هیچ شەڕێکی گەورە لە ئارادا نییە.

​ئەم هەڵوێستەی ترەمپ هاوتەریبە لەگەڵ لێدوانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕۆژێک پێشتر ڕایگەیاندبوو نابێت ئەو گرژییانە وەک "جەنگ" پێناسە بکرێن، بەو پێیەی ئۆپەراسیۆنە گەورەکان چەند مانگێکە کۆتاییان هاتوە.

​سەرباری ئەو لێدوانانە، جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێچەوانەی بچوکیی ململانێکان نیشان دەدەن. هەر لەم هەفتەیەدا، واشنتن ئاشکرایکرد کە نزیکەی ٦٠ ئامانجی سەربازیی ئێرانییان لە دەوروبەری گەروی هورمز پێکاوە. ئامانجەکان پێکهاتبوون لە بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمەکانی ڕادار، بنکە دەریاییەکان، دامەزراوەکانی چاندنی مین و سەنتەرەکانی پەیوەندی، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی پاسەوانی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا.

​لە ڕوی ستراتیژییەوە، ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەک کردوە؛ لە بری پشتبەستنی تەواوەتی بە هێزی سەربازی، سەرنجی خستوەتە سەر بەرتەسککردنەوەی توانای دارایی ئێران لە ڕێگەی سەپاندنی سزا بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا ئەمریکا خۆی لە سزادانی ڕاستەوخۆی چین پاراستوە، کە بە گەورەترین پاڵپشتی ئابوری تاران دادەنرێت.

​لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ کە بڕیارە ئەم مانگە لە سەردانێکی فەرمیدا میوانداری شی جینپینگ، سەرۆکی چین بکات، ڕۆڵی پەکینی لە ململانێکاندا بە کەم زانی و ڕایگەیاند کە دەستوەردانی چین لەم بابەتەدا زۆر کەمە، هەرچەندە دەیانتوانی دەستوەردانی زیاتریان هەبێت.

​لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی گەروی هورمز کرد، لەوانە ئەگەری دروستکردنی بۆری و ڕێڕەوی وشکانیی نوێ کە بە خاکی سوریادا تێدەپەڕن.

​سەرەڕای پێداگرییەکەی لەسەر ئەوەی دۆخەکە جەنگ نییە، ترەمپ ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە داهاتویەکی نزیکدا نەشاردەوە، کە ئامانج لێی لەناوبردنی پێگەیەکی گوماناویی ئەتۆمییە لە باشوری تاران.

​جێی باسە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە، هێزەکانی ئەمریکا چەندین هێرشی ئاسمانییان کردوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوری ئەو وڵاتە وەک بەندەر عەباس و دورگەی قشم، و لە ئێستاشدا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ تاوتوێ دەکرێت.

زۆرترین بینراو
فه‌رهاد شامی: دیمه‌نه‌كانی ئه‌مڕۆی حه‌سه‌كه‌، یاده‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانی سه‌رده‌می داعش به‌بیرده‌هێننه‌وه‌
باخچەلی: پۆستی ڕێکخەریی، مافی ئۆجەلانیشە
غەریب حەسۆ له‌باره‌ی گرژییه‌كانی حه‌سه‌كه‌: ئامانجی سه‌ره‌كی ره‌تكردنه‌وه‌ی زمان، ناسنامه‌و ئیراده‌ی كورده‌
"شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە"
فازڵ نەبی: تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە بەمشێوەی ئێستا بۆ كوردستان كارەساتبار دەبێت
رۆیته‌رز: تۆم باراك كۆمپانیایەکی خۆی له‌پڕۆژەی بۆری نه‌وتی عێراق-سوریادا به‌شداری پێكردوه‌
تره‌مپ: من شایانی هه‌شت خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیم نه‌ك ئه‌و ژنه‌ كه‌ نازانم چی كردوه‌ جگه‌له‌وه‌ی رقی له‌ ئیسرائیله‌
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ؛ دۆلار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی
كرملین: پوتین تێڕوانینی ئێرانی له‌باره‌ی كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ گه‌یانده‌ تره‌مپ
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دوای ناکۆکی لەگەڵ ڕاهێنەری پۆرتوگال رووبەڕووی سزایەکی شەش مانگی دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×