بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەریتانیا (MI5) ڕایگەیاند، ئێران هەوڵەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنە هەستیارترەکان لە بەریتانیا، لەوانەش بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان زیاد کردووە.
ئاوێنە: کێن مەککالوم، بەڕێوەبەری دەزگای MI5 لە وتارە ساڵانەکەیدا دەربارەی هەڕەشە ئەمنییەکان دژی بەریتانیا، وتی "لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی گرنگ لە شێوازی کارکردنی ئێراندا بەدی کراوە. تاران ئێستا هەوڵدەدات شوێنەکان بکاتە ئامانج کە پاراستنیان بەهێزترە و گەیشتن پێیان قورسترە".
مەککالوم ئاماژەی بە ڕووداوێکی گوماناوی لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد لە بەریتانیا کرد، بەڵام ڕوونی کردەوە کە بەهۆی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە، ناتوانێت هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەبارەی ئەو ڕووداوەوە ئاشکرا بکات.
پێشتر ئەندی بێرنهایم سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی دووشەممە گوتبووی کە بە ئەگەری زۆر ئێران لە پشت پیلانێکی گوماناوی دژی بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆردەوە بووە. ئەو بنکە ئاسمانییە پێشتر درۆنەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لێیەوە بەکارهێنابوون.
هەروەها دوای ئەو ڕووداوەش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا فڕۆکە ئەمریکییەکان لە بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد بکشێنرێنەوە.