ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری چوار بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرایانکرد، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیی هاوبەشیان بۆسەر پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ کردووە.
ئاوێنە: ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و بەرپرسێکی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوکردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەربڕیوە کە ئاماژە بەوە دەکەن تاران هەنگاوی خێرای ناوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەشە جیاوازەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
هەر بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئیسرائیل بەتایبەتی نیگەرانە لەوەی ئێران کێوی قوڵنگ وەک پێگەیەکی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاربهێنێت.
بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ سەرەتا مەیلی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان هەبووە و بە نەتانیاهۆی گوتووە: خۆتان ئامادە بکەن، بەڵام دواتر هەڵوێستی گۆڕاوە و دوودڵ بووە لە بڕیاردان.
لەو چوارچێوەیەدا، لە دوو هەفتەی رابردوودا ناتانیاهۆ چەندین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام داوە و باسیان لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە بۆسەر ئامانجە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران. هاوکات لە 2ی تشرینی یەکەمدا، ئەندامانی باڵای کابینەکەی ترەمپ بۆ چەندین کاتژمێر لە کامپ دەیڤد کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت "ناتانیاهۆ دەیەوێت دووبارە بچێتەوە ناو جەنگ و چەندینجار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە، بەڵام هیچ پابەندییەکی روون نییە؛ گوتنی 'خۆتان ئامادە بکەن' رەنگە بەمانای ئێستا بێت، یان دواتر، یانیش هەرگیز نەکرێت".
ئەکسیۆس ئەوەشی خستووەتەروو، لە ناوخۆی ئیدارەی ئەمریکاشدا روانگەکان دابەشبوون؛ پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەهێزترین لایەنگری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانن بۆسەر ئێران، بەڵام زۆربەی راوێژکارەکانی دیکەی ترەمپ داوای بەردەوامیی سزاکان و خنکاندنی ئابووریی ئێران دەکەن بەوپێیەی فشارە ئابوورییەکان کاریگەرییان زیاتر بووە.
لایخۆشیەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی هەواڵی تاوتوێکردنی هێرشەکەی رەتکردەوە و وتی "سەرۆک پێشتر رایگەیاندووە؛ بەر لە هەڵبژاردنە بەراییەکان هێرش ناکەنە سەر ئێران. نوسینگەی نەتانیاهۆش ئاشکرایکردووە، سەرۆکوەزیران پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ترەمپ هەیە بەڵام لێدوان لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆ نهێنییەکان نادات".
جگە لەوەش، سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرایانکردووە کە سوپای هەردوو وڵات لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. لە هەفتەی رابردوودا جەنەراڵ ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل پەیوەندیی بە جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکاوە کردووە و تاوتوێی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی بەرفراوانیان لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا کردووە.
هەروەها زامیر هۆشداریی داوە کە دەستپێکردنەوەی جەنگ لەو ماوەیەدا رەنگە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لە 27ـی تشرینی یەکەم بەڕێوە بچێت، بەهۆی ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئێران بە سەدان مووشەکی بالیستی تۆڵە بکاتەوە. ئەمەش سوپاسالاری ئیسرائیلی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە، چونکە هێرشکردن بەر لە هەڵبژاردن ڕەنگە وەک فێڵێکی سیاسیی ناتانیاهۆ لێکبدرێتەوە و متمانەی جەماوەر بە سوپا لاواز بکات.
بەرپرسانی ئەمریکیش باس لەوەدەکەن، کۆشکی سپی ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆیی ناتانیاهۆیە و پێیوایە ئەو دەیەوێت وەک سەرۆکوەزیرانی کاتی جەنگ بچێتە ناو هەڵبژاردنەکان. لەبەرانبەریشدا ناتانیاهۆ بە بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکەی وتووە کە ترەمپ دەستپێشخەریی تاوتوێکردنی هێرشەکەی پێش هەڵبژاردن کردووە و پرسیاری لێکردووە ئایا ئیسرائیل بەشدار دەبێت یاخود نا! لە لایەکی دیکەوە، هەڵگیرسانی جەنگ بەر لە هەڵبژاردنی ئەمریکا مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ناڕەزایەتیی دەنگدەرانی لێ دەکەوێتەوە بۆسەر ترەمپ.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان نێوەندگیرانی قەتەری چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانن بۆ پێشنیازی ئەمریکا بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەبەرامبەر سازشکردنی تاران لە دۆسیەی ئەتۆمی. ترەمپیش رۆژی سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی وتبوو؛ ئێران وڵاتێکی شکستهێناوە و ئێمە زۆر بەمزووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو وڵاتە دەدەین.